به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی: توركیا و یه‌په‌گه‌ ئاگربه‌ستییان راگه‌یاند

K24 - هه‌ولێر:

ئاژانسی ده‌نگوباسی فه‌ره‌نسا، له‌ زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ توركیا و یه‌په‌گه‌ ئاگربه‌ستییان راگه‌یاند.

ئاژانسه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه‌، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا، توركیا و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی جه‌رابلوس گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن.

به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ش، سوپای توركیا بۆی هه‌یه‌ به‌ قووڵای 15 كلیۆمه‌تر بچێته‌ ناو خاكی سووریا.

جۆن تۆماس، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاژانسه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، رێككه‌وتنی نێوان توركیا و یه‌په‌گه‌ كاتییه‌.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان سوپای توركیا و شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ روویدا، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رۆژی 24ی ئاب/ ئۆگستۆس، چوونه‌ ناو خاكی سووریا و جه‌رابلوسیان كۆنتڕۆڵكرد.

دوای كۆنتڕۆڵكردنی جه‌رابلوس، توركیا داوای ده‌كرد، شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ رۆژئاوای فورات و له‌ منبج-یش پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، كه‌ شه‌ڕڤانان دوای 73 رۆژ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش، كۆنتڕۆڵیان كردبوو‌.