ژاپۆن پێشبینی سەرهەڵدانی ململانێیەکی هاوشێوەی ئۆکرانیا دەکات

ژاپۆن "کاغەزێکی سپی" بڵاودەکاتەوە کە تێیدا پێشبینی سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هاوشێوەی ململانێی ئۆکرانیا دەکات لە زەریای هیندی و هێمن دا.
ژاپۆن ئەمڕۆ هەینی کاغەزی ساڵانەی بەرگریی بڵاوکردەوە، کە بە "کاغەزی سپی" ناسراوە، تێیدا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەکی هاوشێوەی ململانێی ئۆکرانیا لە زەریای هیندی و هێمن دا.
کاغەزە سپییەکە چەند خاڵێکی بنەڕەتی لەخۆگرتووە، کە بریتین لە:
ژاپۆن وای نابینێت ڕووسیا دەسەڵاتی سەربازی خۆی لە ئۆکرانیا لە دەست بدات و پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە سەرەڕای گەمارۆکان، ڕووسیا توانای شەڕکردنی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر.
دەکرێت ململانێیەکی هاوشێوەی ئەو ململانێیەی ئۆکرانیا لە زەریای هیندی و زەریای هێمن سەرهەڵبدات.
ڕووسیا خەریکی پەرەپێدانی چەکی مۆدێرن و توانای بەرهەمهێنانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ئەو تەکنەلۆجیایە پێشکەوتووانەی کە لە پیشەسازی چەکی ڕووسیادا بەکاردەهێنرێن "وەک زیرەکی دەستکرد و مووشەکی هایپەرسۆنیک و چەکی لەیزەر" بە گۆڕینی یاری لە شەڕدا دادەنرێت و دەبێت گرنگییەکی تایبەت بە شەڕی زانیاری بدرێت.
بەشێکی نوێ لە وەزارەتی بەرگری ژاپۆن دروست دەکرێت کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە.
گرنگە هاوکارییەکان لەگەڵ ناتۆ زیاتر بەهێز بکرێت، هەروەها هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکاش هەوێنی بەرگری نیشتمانی ژاپۆنە.
خاڵێکی دیکە گەورەترین ئالنگاری ستراتیژی" چینە، لەبەر ڕۆشنایی خێرابوونی مۆدێرنیزاسیۆنی سەربازی سوپای چین، و 10 ساڵی داهاتوو بۆ دیاریکردنی دەرئەنجامی کێبڕکێی نێوان ئەمەریکا و چین زۆر گرنگە".
هاوسەنگی هێزی سەربازی نێوان چین و تایوان بەردەوامە.
هەڵسەنگاندنی تواناکانی کۆریای باکوور بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئەتۆمی هێشتا بەردەوامە.
ناتۆ لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەکەیدا پشتڕاستی کردەوە کە بەنیازە هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن قووڵتر بکاتەوە.