کوردستان24 وردەکاری دوو تاوانی کوشتن لە هەولێر ئاشکرا دەکات

تۆمەتبارەکان دوای دەستگیر کردنیان لەلایەن پۆلیسی هەولێر
تۆمەتبارەکان دوای دەستگیر کردنیان لەلایەن پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارانی دوو ڕووداوی کوشتن لە شاری هەولێر دەستگیر دەکات و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکاتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاریی یاسایی، کە سێ لە تۆمەتبارەکان هاووڵاتی سووریان و دانیشووی هەولێرن.

دوای ئەوەی لە چەند شەوی ڕابردوو لە یەکێک لە گەڕەکانی دەوروبەری شاری هەولێر لەسەر وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە نێوان دوو ماڵ بووە شەڕ و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا، پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەو ڕووداوەی ڕاگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانی ئالان زەندی کە بۆ کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ ئەو ڕووداوە کردووە: یەکێک لە تۆمەتبارەکان ڕایگەیاندووە: کە خەڵکی سووریان و بەهۆی برایەکەیەوە کە لەگەڵ دراوسێیەکی کێشەیان هەبووە، خۆی و ئامۆزایەکی لەگەڵ ئەو ماڵەی دراوسێی براکەی شەڕیان کردووە و بە چەقۆ کوڕێکی ماڵەکەیان کوشتووە و باوکیشیان بریندار کردووە.

هەر بەپێی دانپێدانانی ئەو تۆمەتبارانە، کێشەی نێوان ئەو دوو ماڵە بەهۆی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەوە بووە لە گەڕەکی مامزاوەی شاری هەولێر و دوای ئەوەی چەند جارێک بووەتە دەمەقاڵێیان لەسەر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە بەردەم ماڵی دراوسێکەی، دواجار کێشەکەیان گەورەتر بووە و شەڕیان کردووە.

لە ڕووداوێکی دیکە، دوای ئەوەی کەسێک بەهۆی دەمەقاڵێی خێزانی برایەکی خۆی دەکوژێت، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر دەکرێت.

ئەو تۆمەتبارە لە دانپێدانانەکەی ئاماژەی بەوەکردووە: دوای ئەوەی لەگەڵ هاوژینەکەی بووەتە کێشەیان و توندوتیژی بەرامبەر بەکارهێناوە، لەلایەن برایەکییەوە ڕێگری لێکراوە و پێی ڕاگەیاندووە نابێت بەرامبەر خێزانەکەی بەو شێوەیە مامەڵە بکات و بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕیان و لە ئەنجامدا تەقەیەکی لێکردووە و براکەی خۆی کوشتووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای دەستگیر کردنی تۆمەتبارانی هەردوو ڕووداوەکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە و تۆمەتبارەکانی ئەو ڕووداوە کە ژمارەیان چوار کەسە، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر و بەپێی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراون و ڕووبەڕووی دادگایی کردن دەکرێنەوە.

Fly Erbil Advertisment