دانا عەبدولكەریم: زیاتر لە 240 پرۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ڕایدەگەیەنێت "ئەو پرۆژانەی لە بواری رێگەوبان جێبەجێ كراون، زیاتر لە 240 پرۆژەن و ئەگەر ھەڵسەنگاندێك بكەین بەپێی ئەو دۆخەی ھەرێمی كوردستان تێیدابووە كە لە ڕووی ئابوورییەوە دەتوانم بڵێم ئەوەی لە ڕووی خزمەتگوزاری رێگەوبان لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كراوە ئەوا بەدرێژایی 10 ساڵی رابردوو نەكراوە."

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: زیاتر لە 240 پرۆژەی رێگەوبان تەواو كراون كە دەكاتە 1300 كیلۆمەتر ڕێگە دروستكراوە و ھەروەھا لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەی زیاتر لە 200 گوند قیرتاوكراون.

جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ھەڵسەنگاندێك بكرێت بەپێی ئەو بارودۆخە داراییەی ھەرێمی كوردستان تێیدابووە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ئەوەی كراوە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نەكراوە.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، بە گوژمەی 909 ملیار و 927 ملیۆن دینار، زیاتر لە 240 پرۆژەی ڕێگەوبانی لە سەرجەم كوردستان جێبەجێ كردووه‌.

پرۆژەکان زۆربەی لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوخۆییەوە جێبەجێ كراون. لە ئاییندەشدا تەكنەلۆجیای تازە و پۆلیمەر بەكار دەهێنرێن و هه‌روه‌ها سیستەمی سوپەر پیف و تەكنەلۆجیای بەكارهێنانەوەی قیری كۆن بەكار دەهێنرێن."

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرباری قەیرانە داراییەكانی، لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە نەوەستاوە و بەردەوام كاری بۆ پێشخستنی ئەو خزمەتگوزارییانە كردووە.

Fly Erbil Advertisment