زیاتر لە 60 هەزار کرێکاری بیانی داوای مافی مانەوە و نوێکردنەوەی ئاکنجییان کردووە

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 60 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان داوای مامەڵەی رێگەپێدانی مانەوە یاخوود نوێکردنەوەی مافی مانەوە (ئاکنجی)یان کردووە، بەڵام بەهۆی بریاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی مەرج و ڕێنماییەکان ئیقامە نادرێت بە هەموو کەسێک و چەندین مەرج و رێنمای هەیە.
فاتیمە جەمال، کرێکارێکی بیانییە، ماوەی حەوت ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، لەوبارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "من لێرە لەماڵەکان کار دەکەم، کارکردن لێرە زۆر باشە بۆیە هاتوومەتە ئێرە".
لە بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی هەولێر رۆژانە 700 کرێکاری بیانی مامەڵەی نوێکردنەوەی کارتی نشینگە یاخوود مامەڵەی (ئاکنجی) دەکەن.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵیشدا زیاتر لە 60 هەزار کرێکاری بیانی لە 88 وڵاتی جیاوازەوە داوای کارتی مانەوە یاخود نوێکردنەوەیان کردووە. بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێریش دەڵێت: مامەڵەی وەرگرتنی مافی ئاکنجیی قورسە بە هەموو کەسێکیش نادرێت.
عەمید کامیل بەرزنجی، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕێکاری پیدانی مافی ئاکنجیی تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئەو پرۆسەیە باڵانسەکە دیاری کراوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ ڕێنمایی هەیە بۆ پێدانی مافی ئاکنجی، گوتیشی: داواکارییەکی زۆر هەیە لەلایەن خەڵکی وڵاتان بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، تاوەکو هەلی کارییان دەستکەوێت، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین بە گەنجەکانی هەرێمی کوردستان پڕی بکەینەوە.
بەهۆی مەرجی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سپۆنسەری خاوەنکار و بریاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە زیاتر لە 200 مامەڵەی کرێکارانی بیانی مافی ئاکنجییان پێ نادرێت و دەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.