هه‌موو لایه‌نێك ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ شه‌ڕی ئه‌لباب

گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ر به‌ توركیا ده‌یانه‌وێت به‌ر له‌ هێزه‌كانی سوریا دیموكرات به‌ره‌و ئه‌لباب بجوڵێن

K24 – هه‌ولێر

پاش ئه‌وه‌ی كه‌ سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سوریا (سوپای سوریای ئازاد) له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شدا چوونه‌ ناو شاری جه‌رابلوس، ته‌واوی چه‌كدارانی داعش له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ره‌و شاری ئه‌لباب پاشه‌كشه‌یان كرد كه‌ چه‌كدارانی پێشووی داعش له‌ منبجیش له‌ نێوانیاندان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات و سوپای سوریای ئازاد چاویان له‌ ناوچه‌ی ئه‌لبابه‌،  میدیای توركیا باس له‌ ئاماده‌كاری سوپای سوریای ئازاد بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات كه‌ پێی وایه‌ ئه‌لباب بۆ یه‌كخستنی ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بۆ یه‌په‌گه‌ گرنگه‌ و رۆژنامه‌كانی توركیا تیشكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر هه‌وڵی سوپای سوریای ئازاد به‌ یارمه‌تی توركیا بۆ له‌باربردنی پلانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ به‌ یه‌په‌گه‌ ناوی بردووه‌.

رۆژنامه‌ی‌ گوونده‌می توركی له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ گرنگی ناوچه‌ی ئه‌لباب بۆ پێكه‌وه‌ به‌ستنی كانتۆنه‌كانی جزیره‌ و كوبانێ به‌ كانتۆنی عه‌فرین ده‌كات، كه‌  60 كلیۆمه‌تر له‌ جه‌رابلوس و 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری باكووری كوردستان و 45 كیۆمه‌تر له‌ منبج  دووره‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی توركیا و سوپای سوریای ئازاد بۆ رۆیشتن به‌ره‌و ئه‌لباب، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی ئه‌لبابی پێكهێناوه‌، كه‌ چاوی هه‌ردوو لا له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌. به‌رپرسێكی سوپای سوریای ئازاد رایگه‌یاند ئامانجیان ناوچه‌ی ئه‌لبابه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ر له‌ هێزه‌كانی سوریا دیموكرات به‌ره‌و ئه‌لباب بجوڵێن.

به‌رپرسێكی پێشووی سوپای توركیا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌لباب به‌ده‌ست داعش یان یه‌په‌گه‌ یان هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ر به‌ توركیا ده‌بێت رایگه‌یاند ئه‌وه‌ بژارده‌ی ئه‌مریكا و روسیایه‌ كه‌ ئاینده‌ی باكووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) ده‌ستنیشان ده‌كات.

رۆژنامه‌ی یه‌نی شه‌فه‌قی توركی له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی لۆكالی ئه‌لباب رایگه‌یاند ناوچه‌كه‌یان سه‌نته‌ری پیشه‌سازی و بازرگانییه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2014 كه‌وته‌ ده‌ستی داعش، پێی وایه‌ پاش ره‌قه‌ دووه‌م پایته‌ختی داعشه‌.

ته‌لال ئه‌بو سوریا هه‌روه‌ها گوتی ئه‌لباب بۆ رژێم و په‌یه‌ده‌ و ئۆپۆزسیۆن زۆر گرنگه‌. هیزه‌كانی رژێم 15 كیلۆمه‌تر  و په‌یه‌ده‌ 25 كیلۆمه‌تر و ئۆپۆزسیۆن 23 كیلۆمه‌تر له‌ ئه‌لباب دوورن.