عەبدولڵا ئیبراهیم: پاسی کۆمپانیا تۆمارنەکراوەکانی گەشتیاریی و شوفێرەکەی بەپێبژاردن سزا دەدرێن

بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاریی لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چەند ڕێکارێک بەرامبەر کۆمپانیا تۆمارنەکراوەکانی گەشتیاریی دەگیرێتە بەر کە گەشتیاران دێننە کوردستان.
دووشەممە 15ـی تەممووزی 2024، عەبدولڵا ئیبراهیم مەلا شێخ، بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاریی لە دیوانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەکۆبوونەوەی چەند رۆژ پێشووتری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و دەستەی گەشتوگوزاری عێراقی، گفتوگۆی ئەو گیروگرفتانە کرا کە لە ئەنجامی هاتنی گرووپە گەشتیارییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەبن.
دەڵێت: لەو کۆبوونەیەوەدا چەند ڕێکارێک بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانەی بێ مۆڵەت و تۆمارنەکراون لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گرووپی گەشتیاری دێننە هەرێمی کوردستان، کێشەی زۆریان لێ دەکەوێتەوە، ئەو کۆمپانیایانە چەند پاسێکی گەشتیاریی دێنن بۆ شارەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی، گەشتیارەکان لە هۆتێل بەجێ دێلن کە دەبنە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی خەرجی و سەلامەتییان.
ناوبراو دەڵێت: بۆ ڕێگریی کردن لەو کێشانە چەند ڕێکارێک گیرایە بەر، لەوانەش لێژنەیەکی هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و دەستەی گشتی گەشتوگوزاری عێراق و کۆمەڵە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەردوولا پێکهات، هاوکات کۆمپانیاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان گرێبەست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی کە گرووپ ئامادە دەکەن و دەیانێرن بۆ هەرێمی کوردستان، لە بازگەکان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێبەرێکی گەشتیاریان بۆ دابنێت کە لەگەڵ گرووپە گەشتیارییەکان بچنە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەو ڕێبەرە گەشتیارییە بۆ ئەوەیە مێژوو و کلتوور و شوێنەکانی کوردستان وەکو خۆی بە گەشتیارانی عەرەب و بیانی بناسێنێت، پێی وایە، ئەوە دەرفەتێک دەداتە دەرچووانی بواری گەشتیاریی بۆ دەستکەوتنی کار کە یەکێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: خاڵێکی دیکە ئەو ڕێکارانە دروستکردنی باجە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری بەغدا، بەشێوەیەک باج بۆ ئەو کۆمپانیایانە دروست بکرێت کە مۆڵەتیان هەیە و بەردەوامن لە کاری گەشتیاریی، ئەو کۆمپانیایانەی ئارەزووی هێنانی گرووپی گەشتیاریی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
عەبدولڵا ئیبراهیم گوتی: ئێمە لە دەستەی گەشتو گوزار بەباشی دەزانین ئەو گرووپانەی لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای تۆمارنەکراون و گەشتیار دێننە هەرێمی کوردستان، بە پێبژاردن سزای شوفێر و پاسەکەش بدرێت.