وۆڵستریت: ئەمریکا وڵاتانی کەنداوی لە هێرشکردنە سەر ئێران ئاگادار کردووەتەوە
ئەمریکا ئامادەکاری بۆ هێرشێکی سەربازیی چڕ بۆ سەر ئێران دەکات و هۆشداریش دەداتە وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن، هاوکات بۆ پتەوکردنی بەرگریی ئاسمانی، واشنتن سیستەمی پاتریۆتی ناردووەتەوە ئیسرائیل.
ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان، بە رۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکییان راگەیاندووە، ئەمریکا بە چەند وڵاتێکی کەنداوی عەرەبی راگەیاندووە، پێویستە خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی کورت و چڕ لە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا ئامادە بکەن.
رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، ئەو پەیوەندییانە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانەوە بوون، ئەمەش لە نێو ئەو ئاماژانەدایە رۆژ بە رۆژ زیاد دەکەن و دەریدەخەن ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی قورس دژی ئێران ئامادە دەکەن.
ئەم هەنگاوە مەترسیی پەرەسەندنێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لاوازکردنی تواناکانی تاران و ناچارکردنی ئەو وڵاتەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، سوپای ئەمریکا سیستەمی پاتریۆتی پاڵپشتی بۆ پتەوکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، ناردووەتەوە تەلئەڤیڤ.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە جارێک باسی لەوە کردووە، ئەگەری هەیە لە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا، هێرشێکی گەورە بکەنە سەر ئێران، ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
پێشتر و لە رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی فراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە بووە هۆی شەڕێکی 40 ڕۆژە و فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان بۆ چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەو شەڕەدا، ئێران بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان وەڵامی دایەوە و هەندێک وڵاتی کەنداو و بنکەکانی ئەمریکای کردە ئامانج، لە کاتێکدا هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی نەوت و کەشتیوانی لە تەنگەی هورموزیش هەبوو.
لە 8ی نیساندا، ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیەنرا، بەڵام ناکۆکییە سەرەکییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و تەنگەی هورموز چارەسەر نەبوون و دواتریش ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان بەردەوام بوون.