ئێران نیگه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامبوونی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا له‌ سوریا

داوای هه‌ماهه‌نگیی توركیا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر

كۆماری ئیسلامی ئێران نیگه‌رانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامبوونی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی سوپای توركیا له‌ناو سنووری سوریا راده‌گه‌یه‌نێت.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند: به‌رده‌وامبوونی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی توركیا له‌ناو خاكی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)  جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌.

به‌هرام قاسمی هه‌روه‌ها گوتی شه‌ری دژی تیرۆر پره‌نسیپێكی نه‌گۆڕی سیاسه‌تی وڵاتانی ئاشتیخوازی ناوچه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و پرسه‌ ناكرێ و نابێت ببێته‌ بیانوویه‌ك بۆ پێشلكردنی په‌كپارچه‌یی و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ناو سنووری وڵاتێكی تر به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی و به‌رچاو نه‌گرتنی مافی سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته‌.

پێشتر جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا نه‌عمان كورتولوموش رایگه‌یاند ئه‌نقه‌ره‌ له‌ رێگه‌ی سوریاوه‌، حكومه‌تی سوریا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات ئاگادار كردۆته‌وه‌.