ئازەربایجان دووبارە باڵیۆزخانە لە تاران دەکاتەوە

باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە ئێران دەستی بە کارەکانی کردەوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دێت.
ئاژانسی فەرمی "ئیرنا"ـی ئێران بڵاوی کردەوە "ئازەربایجان باڵیۆزخانەکەی لە بارەگایەکی نوێدا کردەوە، ئەمەش دوای دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئازەربایجان هات". ئاماژەی بەوەش دا، باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی ئازەربایجان گەڕاونەتەوە ئێران.
لە مانگی یەکی ساڵی 2023 کەسێک هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران و بەهۆیەوە دیپلۆماتێک کوژرا و دوو پاسەوانی باڵیۆزخانەکەش بریندار بوون.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو کاتەدا ڕایگەیاند، تاران بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە پاڵنەرەکانی ئەو هێرشە کەسییە.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، ئێرانی بە بەرپرسیار زانی و گوتەبێژەکەی ڕوونی کردەوە، هەڵمەتێکی دژە ئازەربایجان هانی هێرشبەرەکەی داوە، بەهۆیەوە دوای مانگێک ئێران چوار دیپلۆماتکاری ئازەربایجانی دەرکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان دوێنێ دووشەممە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئێران بە پێی ئەرکی پاراستنی دیپلۆماسی، ڕێوشوێنی گونجاوی گرتووەتە بەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بالەخانەی نوێی باڵیۆزخانەکەمان".
پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر جار ئاڵۆزە، بەو پێیەی ئەو وڵاتە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئیسرائیلە، کە دوژمنی سەرسەختی تارانە.
ئێران ترسی ئەوەی هەیە کە خاکی ئازەربایجان لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەکار بهێنرێت، هەروەها ئیسرائیل دابینکارێکی گەورەی چەکە بۆ باکۆ.