پڕۆژەی پەرەپێدانی شەڵتەری ئاژەڵانی بێلانە لە هەولێر لە جێبەجێکردن دایە

شەڵتەری ئاژەڵان
شەڵتەری ئاژەڵان

لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، پڕۆژەی پەرەپێدانی شەڵتەرێک بۆ ئاژەڵانی بێلانە لە جێبەجێکردن دایە.

سێشەممە 16ـی تەممووزی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، پرۆژەی پەرەپێدانی شەڵتەری ئاژەڵانی بێلانەی هەولێر، بە نزیکەی 55 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی ئەندازیارانی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزی لە جێبەجێکردن دایە.

بەپێی زانیارییەکانی پارێزگای گەولێر، شەڵتەرەکە پێکهاتووە لە شەقامێکی قیر بەدرێژیی 400 مەتر و سێ مەتر پانی، لەگەڵ دروست کردنی 400 خانوی کۆلیت و 6 کەپری 66x بۆ سێبەر، هەروەها دروستکردنی 5 حەوزی ئاو بۆ فێنکردنەوەی ئاژەڵەکان لە وەرزی گەرما و کۆنکریت کردنی گۆڕەپانێک بۆ دانانی خواردنی ئاژەڵەکان و پاراستنی ژینگەی ناو شەڵتەرەکە.

شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دروستکراوە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە،  تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.

 پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پێشتر ڕایگەیاند، " زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە بە شێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک بۆ شێڵتەرەکە گواستراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە".

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆکردنەوەی سێ هەزار سەگ؛ واتا سێ هەزار گرفت لەنێو شار گواستراونەتەوە. رۆژانە 80 سەگ دەگوازرێنەوە و بەهۆی پڕۆسەکەوە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەکانەوە زۆر زۆر کەمبووەتەوە". دەشڵێت، بێجگە لەمەش "رێژەی لەناوچوونی سەگە بێلانەکانیش لەنێو شار زۆر کەمبووەتەوە، چونکە پێشتر خەڵک پەلاماریان دەدان و دەیانکوشتن یان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دەدا".