پێنتاگۆن: تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی ئێران 25%ـی زیادی کردووە

تێچووی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بۆ زیاتر لە 47 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، کە ئەم ژمارەیەش بەراورد بەو خەمڵاندنانەی پێشتر پێنتاگۆن لە تەممووزی رابردوو بڵاویکردبوونەوە، رێژەی 25%ـی زیادی کردووە. ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ بەردەوامیی خەرجییەکان لەپێناو پڕکردنەوەی ئەو تەقەمەنییانەی بەکارهاتوون و گۆڕینی کەرەستە سەربازییە زیانلێکەوتووەکان دەگەڕێتەوە.

داتاکانی پێنتاگۆن روونیکردەوە، زیاتر لە 29 ملیار دۆلاری تێچووەکە تەرخانکراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو تەقەمەنییانەی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەکارهاتوون. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، خەرجیی قەرەبووکردنەوەی کەرەستە سەربازییەکان لە 6 ملیار دۆلار تێپەڕیوە.

ئەم ژمارانە هیچ خەمڵاندنێکی روونیان بۆ تێچووی چاککردنەوەی ئەو زیانانە لەخۆ نەگرتووە کە بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانەوە بەر بنکەکانی ئەمریکا کەوتوون. ئەم دۆخەش دەریدەخات قەبارەی کۆتایی خەرجییەکانی جەنگەکە، لەگەڵ دەرکەوتنی قەبارەی زیانەکان و تێچووی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکاندا، زیاتر بەرز دەبێتەوە.

پێنتاگۆن لە خەمڵاندنێکی پێشووتریدا کە لە ئەیلوولدا ئاراستەی کۆنگرێس کرابوو، تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تا سێی هەمان مانگ بە 43.6 ملیار دۆلار دیاریکردبوو. بەپێی زانیارییەکانی بلومبێرگ، لەو بڕەدا 28.1 ملیار دۆلار بۆ پڕکردنەوەی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان و 4.3 ملیار دۆلاریش بۆ گۆڕینی کەرەستە لەدەستچووەکان یان زیانلێکەوتووەکان تەرخانکرابوو، ئەوەش بێ ئەوەی خەرجیی چاککردنەوەی زیانەکانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەخۆ بگرێت.

لە خەمڵاندنێکی جیادا، نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس پێشبینی کردووە تێچووی جەنگەکە مانگانە نزیکەی 2 بۆ 3 ملیار دۆلاری دیکە زیاد بکات. نووسینگەکە هۆشداری داوە لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە لەسەر کۆگاکانی تەقەمەنی و خەرجییەکانی حکوومەتی فیدراڵی.

پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە تەممووزی رابردوودا رایگەیاند، تێچووی جەنگی ئێران گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار.