فوئاد حوسێن: پرسی سووریا پێویستی به‌ چاره‌یه‌كی هاوسه‌نگ و گشتگیر و درێژخایه‌ن هه‌یه‌

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ سووریا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی چاره‌كردنی پرسی سووریا به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و گشتگیر و درێژخایه‌ن كردووه‌ته‌وه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 16ـی ته‌ممووزی 2024، فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ گێر پیدرسن، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ سووریا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی چاره‌كردنی پرسی سووریا به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و گشتگیر و درێژخایه‌ن كردووه‌ته‌وه‌.

فوئاد حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا تاوتوێی بارودۆخی سووریایان كردووه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كان كراوه‌ته‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ و چاره‌كردنی قه‌یرانه‌كانی سووریا.

ڕۆژی 11ـی ته‌ممووزی 2024، فوئاد حوسێن ڕایگه‌یاند، ده‌ستپێشخه‌ریی عێراقی هه‌یه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان توركیا و سووریا كۆبوونه‌وه‌یان له‌ به‌غدا، به‌و پێیه‌ی هه‌ردوو وڵات كاریگه‌رییان به‌سه‌ر یه‌كدی و به‌سه‌ر عێراقیشه‌وه‌ هه‌یه‌.