ئەمەریکا؛ هۆتێلێک لە جیاتی مرۆڤ میوانداریی گوڵ و نەمام و ڕووەکی ماڵەکان دەکات
جۆرێکی نوێ هۆتێل پەیدابووە، ئەویش هۆتێلی ڕووەکی ناوماڵە، بۆ ئەوەی کاتێک خاوەنەکانیان گەشت دەکەن، بە شێوەیەکی کاتی چاودێرییان بکەن.
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە، یەکێک لەو هۆتێلە سەرسوڕهێنەرانە خاوەنەکەی یۆلاندا پاڵمەرە، و دەکەوێتە شاری فیلادلفیا.
یۆلاندا پاڵمەر، سەردانیکەران بەناو ڕووەک و دارە پەلکدارەکان و گوڵ و سەوزەوات و دار هەنجیر و میوەکاندا دەبات، ڕووبەری هۆتێلە ڕووەکیەکە 300 پێی چوارگۆشەیە.
بەپێی ڕۆژنامەی "زە فیلادلفیا ئینکوایرەر" لەم شوێنەدا نزیکەی 10 جۆر گوڵی کلیڤیای سوور و گوڵی کەرکەدی کە بۆ چای بەکار دەهێنرێت. هەروەها ڕووەکی دڕکە هەنجیر، لە تەنیشت پەنجەرەکانەوە ڕیزکراون کە لە زەوی تا بنمیچەکە درێژ دەبنەوە. لە ڕۆژانی هەوردا، گڵۆپیان لە ژێر هەڵدەکرێت کە ڕەنگەکەی بە سەوزێکی جوان پیشان دەدات.
یۆلاندا پاڵمەر، ڕووەکەکان و نەمامەکان لە گۆزەی گەورەتردا دەگۆڕێت و دەیان پیتێنێت، پاشان زەیتی نیم دەڕشێنێت بۆ دوورخستنەوەی مێروو و مەگەزەکان، هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە دانانی خشتی توند و ورد بۆ ئاودانی ئەو ڕووەکانەی لەوێ دانراوە.
چاودێریی ڕووەکەکان لە هۆتێلەکە، بریتییە لە جێبەجێکردنی بەرنامەیەک بۆ چارەکردنی ئەو نەخۆشیانەی کاریگەرییان لەسەر ڕوەکەکان هەیە، هەروەها چارەکردنی خاکەکە بۆ نەهێشتنی ڤایرۆس، کاتێک خاوەنەکانیان لە پشوو یان گەشت دەگەڕێنەوە، یان دوای بەسەربردنی چەند مانگێک لە ئەرکەکانیان لە دەرەوەی وڵات، بۆیان دەردەکەوێت کە دار و ڕووەکە و گوڵەکان تەندروستیان باشە.
یۆلاندا پاڵمەر هەفتانە 75 دۆلار وەردەگرێت بۆ خزمەتکردن و چاودێریکردنی ڕووەک و گوڵەکان لە هۆتێلەکەیدا.