پارتی لیستی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد

پارتی، لیستی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-07-2024، پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێشکەشی هەر سێ لقی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی کرد.
بە گوێرەی ڕێساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەر لیستێکی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانێت دوو هێندەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکە هەبێت و پارتیش بۆ ئەم هەڵبژاردنە 190 کاندیدی هەیە.
دابەشکاریی کاندیدەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:
1. هەولێر: 64 کاندید (44 پیاو و 20 ئافرەت)
2. دهۆک: 48 کاندید (33 پیاو و 15 ئافرەت)
3. سلێمانی: 72 کاندید (50 پیاو و 22 ئافرەت)
4. هەڵەبجە: شەش کاندید (چوار پیاو و دوو ئافرەت)
ڕۆژی 20-05-2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستانی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخان کرد و ژمارەی کورسییە گشتییەکانیشی کەم کردەوە.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)
سەرۆک لیستەکانی پارتی:
1. هەولێر: ڤالا فەرید
2. دهۆک: حاکم شەرەفانی
3. سلێمانی: هۆشیار سدیقەفەنی
4. هەڵەبجە: هۆشیار حوسێن عوسمان
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان".
بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.