پشیلەیەک کە هاوکاریی ئافرەتان دەکات خەڵاتێک بەدەست دەهێنێت

پشیلەی 'مارلی'
پشیلەی 'مارلی'

پشیلەیەک یارمەتی ئەو ئافرەتانە دەدات کە بوونەتە قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەشداریی لە قۆناغی کۆتایی "خەڵاتی نیشتمانی پشیلە"ـی ئەمساڵی کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی "بی بی سی"، ئەم چالاکییە کە لەلایەن دامەزراوەی خێرخوازی "کاتس پرۆتێکشن"ەوە ڕێک دەخرێت، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی سەرسوڕهێنەری نێوان پشیلە و مرۆڤ.

مارلی، پشیلەیەکی ڕەش و سپییە، لە خانووی "کاریتاس پاکیتا" لە لەندەن دەژی، کە تایبەتە بەو ئافرەتانەی هەڵخەڵتێندراون و بازرگانیان پێوە کراوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسی ماڵەکە، کارین ئەنستیس تەمەن 59 ساڵ پشیلەکەی بە "دڵی ناسکی ماڵەکە" وەسف کردووە.

کارین ئەنستیس دەشڵێ: ئەمساڵ پێشبڕکێکە چوار بەش بۆ خەڵاتەکە لەخۆ دەگرێت، "پشیلەی پەیوەندیی"، "پشیلە خێزانییەکان"، "پشیلە گەورەکان" و "پشیلە سەرسوڕهێنەرەکان". کە تیایدا مارلی 7 ساڵ گەیشتە قۆناغی کۆتایی، بۆ ئەوەی یارمەتی ئاسوودەیی و هیوا بۆ 11 ئافرەت دروست بکات کە لەناو ئەو خانووە سەلامەتەدا دەژین.

سەبارەت بە مێژووی پشیلەکە گوتی: "ئێمە چوار ساڵ لەمەوبەر 'مارلی'مان بەخێو کرد، و پێم وایە تووشی مامەڵەی خراپ ببوو، چونکە لە پیاوان دەترسێت، بۆیە لە هەستی نێو میوانەکانمان تێ دەگات.

پشیلەی سیلا
پشیلەی سیلا

سەبارەت بە پشیلەی "سیلا" کە تەمەنی 12 ساڵە و لە پۆلی "پشیلەی پەیوەندی"دایە، هاوکاریی قوتابیانی قوتابخانەی 'ئاوتوودز'ـی سەرەتایی دەدات لە شاری ئاسەرستۆن لە وۆرکشایەر، کە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن.

بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سالی تایلۆر ڕایگەیاند، "ئەو خاوەنی هەستێکی گەورەیە، و دەزانێت لە کوێ لەگەڵ ئەو قوتابیانەدا دەبێت کە هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن، یان لە هۆڵەکەدا چاوەڕێی هاتنی قوتابییە شەش ساڵانەکان دەکات لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا".

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو یارمەتیدەر بووە بۆ ئارامکردنەوەی قوتابیان پێش ئەوەی تاقیکردنەوەکان بکەن، کە هەموو بەیانیەک، دەیبینم چاوەڕێی سڵاوکردنم دەکات، ئەمەش سەرەتایەکی جوان بە ڕۆژەکەم دەبەخشێت، دوای ئەوە لە هەموو شوێنێک لەگەڵ قوتابیان کۆدەبێتەوە چ لە پۆلدا بێت یان لە کاتی پشووەکاندا، تەنانەت لە یاریگای تۆپی پێشدا".

هەروەها پشیکەی "مارمادوک" کە لە پۆلی "پشیلە سەرسوڕهێنەرەکان"ـە خەڵکی مانچستەرە، خاوەنەکەی، جانیس چیسام ڕایگەیاندووە، ئەو لە فریاکەوتن کاری کردووە، کاتێک دوای ئاهەنگی ئاریانا گراند، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ساڵی 2017 ڕوویدا، کە بەهۆیەوە 22 کەس کوژران، توانییویەتی ئەو پشیلەیە ڕزگار بکات.

دەشڵێت: ئامۆژگاریم بۆ هەر کەسێک ئەوەیە کە کێشەی دەروونی هەیە، پشیلەیەکی گەورە بەدەستبهێنێت. "ڕاستگۆیانە نازانم بەبێ مارمادۆک دەمتوانی بژیم یان نا".

جێگای ئاماژەیە دەنگدان بۆ خەڵاتی پشیلەی نیشتیمانی لە بەریتانیا لە 17ـی تەمموز دەستپێدەکات و لە 30ـی ئاب کۆتایی دێت، بڕیارە لە 18ـی ئەیلول لە میانی مەراسیمێکدا لە هۆڵی وان ماریلبۆن لە لەندەن براوەی بەشە جیاوازەکان و هەروەها براوەی خەڵاتی "پشیلەی ساڵ" ڕابگەیەنرێت.