212 هەزار تۆن لە هەولێر و 37 هەزار 500 تۆن گەنم لە ڕاپەڕین وەرگیراون
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا 212 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە، بەڕێوەبەری سایلۆی ڕاپەڕینیش دەڵێت: تاوەکو ئێستا 37 هەزار 500 تۆن گەنم لە جووتیارانی سنوورەکە وەرگیراوە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا 212 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و دوایین وادەش لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری هەولێر کە بریتیە لە 228 هەزار تۆن، 20ـی تەممووزە، دەشڵێت: تاوەکو ئێستا چەکی بڕی 17 ملیار دینار وەرگیراوە و سێ ملیار دیناریش لە ئان و ساتدایە بۆ وەرگرتن.
میران بەختیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئێستادا 212 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی سنووری هەولیر وەرگیراوە، لە کاتێکدا 228 هەزار تۆن گەنم بۆ سنووری پارێزگای هەولێر دیاریکراوە، دوا وادەش بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، 20ـی تەممووزە، بۆیە داوا لە جووتیاران دەکەین، ئەوانەی ماون گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەزووترین کات خۆیان بگەیەننە سایلۆ و گەنمەکەیان ڕادەست بکەن.
دەشڵێت: تا ئێستا بۆ 17 ملیار دینار چەکی پارەیان بەسەر جووتیاران دابەش کردووە، سێ ملیار دیناری دیکەش دەگات بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێت لە سنووری پارێزگای هەولێر.
هاوکات شەماڵ ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری سایلۆی ڕاپەڕین بە کوردستان24 ـی ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا 37 هەزار 500 تۆن گەنم لە جووتیارانی سنوورەکە وەرگیراوە، تەنها چەند تۆنێک ماوە وەربگیرێن کە وا چاوەڕێ دەکرێت بە لە تەواوبوونی ئەو وادەیەی بۆیان دیاریکراوە، تەواوی گەنمی جووتیاران وەربگرن.
بەڕێوەبەری سایلۆی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت: 38 هەزار تۆن گەنم بۆ جووتیارانی سنووری ڕاپەڕین دیاریکراوە، توانراوە لەو وادەیەی دیاری کرابوو، تەواوی گەنمی جووتیارانی سنووری ڕاپەڕین وەربگرن، تەنها چەند تەنێکی کەم ماوە و لە رۆژانی دادێ ئەو بڕە گەنمەش لە جووتیاران وەردەگیرێت و کۆتایی بە پرۆسەکە دێت.