ئەدھەم بارزانی: بارگرانی كوردستان لەسەر شانی پارتی و یەكێتییە

"بزووتنەوەی گۆڕان چەندین جارە دەرگای گفتوگۆ دادەخات"

K24 – سلێمانی

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەدھەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە رایگەیاند: "بەڕێوەبردنی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكان لەم بەشەی كوردستان لەسەرشانی پارتی و یەكێتییە، بە درێژایی مێژوو ئەو دوو حزبە ھاوكاری یەكتربوونە لە ھەموو قۆناغەكاندا، پارتی و یەكێتی دوو ھێزی سەرەكی كوردستانن".

ئەدھەم بارزانی گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كرا، ھاوڕاین لەسەر ئەوەی كە دەبێ رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەكانمان بەھێزتر بكەین، پارتی و یەكێتی باری گرانی كوردستانیان لەسەر شانە".

لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانیان ئەدھەم بارزانی گوتی: "بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان ھەر زوو دەرگای گفتوگۆیان داخست، ئەمەش جاری یەكەم نییە و بەڵكو چەندەمین جارە بەھۆی وتار و لێدوانی خێرا دەرگاكان دادەخەن، كە من لە سلێمانی دەستبەكاربووم دەبوایە بەرپرسانی گۆڕان سەردانیان كردباین، لەكاتێكی ھەستیار سەردانی بەڕێز نەوشیروانم كردووە كە ھیچ كەسێك لە پارتی و یەكێتی سەردانی ئەویان نەدەكرد".

ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی ئەدھەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كرد و لەگەڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كۆبوونەوە.