حوسییەکان بەڵێن دەدەن وەڵامێکی توندی ئیسرائیل بدەنەوە

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان

گرووپی حوسییەکان لە یەمەن بەڵێنیان دا وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بدەنەوە کە بەندەری حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەنی بۆردومان کردووە.

ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی گرووپی حوسییەکان ڕایگەیاندووە، "وەڵامێکی کاریگەر"مان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدە دەبێت.

هەروەها یەحیا سەریع،  گوتەبێژی سەربازی حوسییەکانی یەمەن، ڕایگەیاند، ئەوان درێغی ناکەن لە هێرشکردنە سەر "ئامانجە گرنگەکان" لە ئیسرائیل.

سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، تەلئەڤیڤ نەپارێزراوە، دەشڵێت، ئامادەکاریی دەکەین بۆ شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل، وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەینەوە.

محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حوسییەکان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: کە "یەمەن تووشی دەستدرێژییەکی دڕندانەی ئیسرائیل بووەتەوە، کە دامەزراوەکانی کۆگاکردنی سووتەمەنی و وێستگەی کارەبای پارێزگاکەی بۆردومان کرد". گوتیشی: هێرشی ئیسرائیل ئیرادەی ئێمە بۆ پشتیوانیی غەززە زیاتر دەکات.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد،  فشارخستنە سەر یەمەن بۆ ئەوەی واز لە پشتیوانیی غەززە بهێنێت، خەونێکە کە نایەتە دی.

سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، دوێنێ شەممە، چەند ئامانجێکی حوسییەکانیان لە ڕۆژاوای یەمەن بۆردومان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی حوسییەکان ڕۆژێک پێشتر، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردبووە سەر تەلئەڤیڤ.

سوپا جەختی کردەوە، کە ژمارەیەک ئامانجی سەربازییان لە شاری حودەیدە لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای یەمەن کە مۆڵگەی حوسییەکان بووە بۆمباران کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکەیان لە وەڵامی سەدان هێرشدا بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا کراوەتە سەر ئیسرائیل.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی یه‌مه‌نیش ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر حووسییه‌كان بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند "له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشانه‌دا 80 كه‌س بریندار بوونه، كه‌ برینی زۆربه‌یان سه‌خته‌. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كۆگاكانی نه‌وت و وێستگه‌ی كاره‌با له‌ پارێزگای حوده‌یده‌ هێرشیان کراوەتە سەر و زیانێكی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌".