پەرلەمانی عێراق چوار تەوەر تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت و یەکێک لە تەوەرەکانی دانیشتنەکە، یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ڕژێمی پێشووە.
بڕیارە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 21-07-2024، دانیشتنی دووەمی وەرزی دووەمی یاسادانی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی چوار تەوەر بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە تەوەری یەکەمدا، لێژنەکانی ئابووری، پیشەسازیی و بازرگانی، وەبەرهێنان و گەشەپێدان، یاسایی و دارایی خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواریی ماددەی 16ی پرۆژە یاسایی چاکسازیی ئابووریی دەکەن.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواریی ماددەی دووی یاسای دەستەی چاودێریی نیشتمانیی بۆ تیشکدەری ئەتۆمیی و کیمیایی و بایۆلۆجی ژمارە یەکی ساڵی 2024 دەکرێت کە لەلایەن لێژنەی تەندروستی و ژینگە دەخوێنرێتەوە.
لە تەوەری سێیەمدا، لێژنەکانی دارایی، یاسایی و وەبەرهێنان و پەرەپێدان خوێندنەوە یەکەم بۆ پرۆژە یاسای چەکی وەبەرهێنانی بانکە ئیسلامییەکان دەکەن.
لە دوایین تەوەری دانیشتنەکەش، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانپێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس دەکات، کە لەلایەن لێژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی پێشکەش دەکرێت.
هاوکات، بێجگە لەم چوار تەوەرە دەیان پەرلەمانتار واژۆیان بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری کارەبا و لێپرسینەوە لێی لەسەر خراپی دۆخی کارەبا لەعێراق کۆکردووەتەوە.
دوای زیاتر لە 40 ڕۆژی پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی شەممە، 20-07-2024، یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی دووەم لە سێیەم ساڵی یاسادانان دەستی پێ کردەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو پشووە، سەرجەم پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون و دواجار و پاش زیاتر لە 30 خولەک، پەرلەمانی عێراق لە کۆی 229 پەرلەمانتار بە ئامادەبوونی 171 پەرلەمانتار، کۆبووەوە.