سوپای ئیسرائیل: لە یەمەنەوە مووشەکێک ئاراستەی شاری ئیلات کرا

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، مووشەکێکیان لە یەمەنەوە ئاراستە کراوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن دێت کە سێ کوژراو و زیاتر لە 80 برینداری لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مووشەکێک لە دەریای سوورەوە ئاراستەی شاری ئیلات کراوە، ئاماژە بەوەش کراوە، زەنگی ئاگادار کردنەوە لێ یداوە،  بەڵام مووشەکەکە نەگەیشتووەتە ناو خاکی ئیسرائیل. بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل چەندین جار ڕێگرییان لەو مووشەکانە کردووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن حوسییەکانەوە ئاراستەی شاری ئیلات کرا بوون.

وەزارەتی تەندروستیی حوسییەکان، ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل، سێ کەس کوژران و 87 کەسیش بریندار بوون.

ئەمە یەکەم هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سەر یەمەن؛ حوسییەکان لەماوەکانی ڕابردوودا، لە دەریای سوور چەندین جار هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، کە بە گوتەی خۆیان پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی گرووپی حوسییەکان ڕایگەیاند، "وەڵامێکی کاریگەر"مان بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدە دەبێت.

هەروەها یەحیا سەریع،  گوتەبێژی سەربازی حوسییەکانی یەمەن، ڕایگەیاند، ئەوان درێغی ناکەن لە هێرشکردنە سەر "ئامانجە گرنگەکان" لە ئیسرائیل.

سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، تەلئەڤیڤ نەپارێزراوە، دەشڵێت، ئامادەکاریی دەکەین بۆ شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئیسرائیل، وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل دەدەینەوە.

محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حوسییەکان لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: کە "یەمەن تووشی دەستدرێژییەکی دڕندانەی ئیسرائیل بووەتەوە، کە دامەزراوەکانی کۆگاکردنی سووتەمەنی و وێستگەی کارەبای پارێزگاکەی بۆردومان کرد". گوتیشی: هێرشی ئیسرائیل ئیرادەی ئێمە بۆ پشتیوانیی غەززە زیاتر دەکات.