حەسەن مەجید: دەبێت لایەنەکان لەسەر دانانی پارێزگار ڕێک بکەون
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، دەبێت لایەنەکان لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکووک ڕێک بکەون، ئەگەر بێت و نەتوانین پارێزگارێک هەڵبژێرین، ئەوا بابەتەکە دەگاتە دەستی پەرلەمانی عێراق و خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە 20 ڕۆژ ماوە بۆ ئەوکاتە یاساییەی دیاری کراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، دەبێت بە ماوەی 30 ڕۆژ پارێزگار و جێگرەکەی دەستنیشان بکرێن. دانیشتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرسێ پێکهاتەکە، کورد و عەرەب و تورکمان، بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەیەک.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "دوای ئەو سێ ڕۆژە کە وەکو کاتێک بۆ ئێمە دیاری کراوە، ئەگەر نەتوانین تا ئەو کاتە پارێزگار و جێگرەکەی هەڵبژێرین، ئەوا بابەتەکە دەکەوێتە دەستی پەرلەمانی عێراق، ئەوکاتە پەرلەمان خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵیت: "ئێمە ئومێدەوارین نەگاتە ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکات، هیوادارین هەرسێ پێکهاتەکە بتوانین بگەینە چارەیەک، بە میکانزمێکی تەواو لایەنەکان ڕازی بن. بەتایبەت لایەنە براوەکانی هەرسێ نەتەوەکە. چونکە لە یاساکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەکرێت دارشتنێکی وا بێت تەواوی هەرسێ نەتەوە ڕەزامەندبن بۆ دەستنیشانکردنی بۆ هەر پۆستێک لەو پۆستانەی کە باسکراون".
سەبارەت بە یەکریزیی حزب و لایەنەکان، گوتی "پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک لەو پارتە سەرەکییانە بووە کە بەبێ وەڵامدانەوە لەگەڵ ئەوەدا بووە کۆبوونەوە لەگەڵ تەواوی لایەنەکاندا بکات و هەوڵی یەکڕیزیی ماڵی کورد لە نێو حزبە کوردییەکانی کەرکووکدا داوە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەو شوێنەی دەتوانێت، لەگەڵ یەکڕیزی دەبێت"
حەسەن مەجید ڕاشیگەیاند، "ئەم ئێوارە کاتژمێر 4:30 لە بارەگای کۆمەڵ لە کەرکووک، لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییە کوردییەکان کۆ دەبینەوە".