ڕاوێژکارێکی وەهمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەممووزی 2024، ڕایگەیاند، سزای حەوت ساڵ زیندانیان بۆ کەسێک دەرکردووە کە خۆی بە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ناساندبوو.
بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیستی دادگایی کردنی ئەو کەسەدا کە خۆی بە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران ناساندبوو".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "تاونبارە سزادراوەکە پارەی کاشی لە هاووڵاتییەک وەرگرتووە و بەڵێنی پێداوە کە کوڕەکەی بخاتە بەر لێبوردنی گشتیی لە کاتێکدا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو، ئەو سزایەشی پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 160 دەرچوو لە ساڵی 1983 و بڕگەکانی یەکەم و دووەمی بەندی یەکەم بۆ دەرکراوە".