شەڕی پەکەکە و تورکیا ڕێژەی گەشتیارانی بۆ هەندێك شوێنی گەشتیاری لە دهۆک کەم کردووەتەوە

سەرپەرشتی کۆمەڵگەی گەشتیاریی ئاڤاشین، ڕایگەیاند بۆمبارانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاتنی گەشتیارانی کەم کردووەتەوە.
یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، هەرمان هاریکی، سەرپەرشتی کۆمەڵگای گەشتیاری ئاڤاشین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەردەوام گەشتیار دێن بۆ گەلی شێران و ناوچەکە، ئەوانەش زیاتر خێزانە عێراقییەکانن.
ئەو سەرپەرشتە دەڵێت، "ئێستە بەهۆی بۆمبارانەکانی سوپای تورکیا و شەڕی پەکەکە، ژمارەی گەشتیاران کەمی کردووە، ئەوانەش کە دێن، تەنیا گەشتیارە عەرەبەکانن، کوردەکانی خۆمان لەبەر مەترسی شەڕی ناوچەکە، سەردانی ناکەن".
دەشڵێت: "گەشت بۆ گەلی شێران بەردەوامە، بەڵام بە مەزەندەی خۆم بە کۆی گشتی %80 گەشتیار کەمی کردووە، ئەویش دوو هۆی هەیە، مەترسی بۆمبارانکردنی ئەو ناوچانە و هاتنی عاشوورا، ئەو دووە بووەتە هۆی کەمیی گەشتیاران، هەرچەندە بەردەوامیش گەشتیار دێن بۆ گەشت".
هەرمان هاریکی، سەرپەرشتی کۆمەڵگای گەشتیاری ئاڤەشین ڕایگەیاند، "سەبارەت بە گەشتیاری کورد، هاتنیان بۆ گەلی شێران %80 کەمی کردووە، ئەوەشی کە دێت، گرووپە گەشتیارییەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقین، ئەویش بەڕێژەی %50 کەمی کردووە".