لە گوندێکی ئامێدی کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێندرێت
گوندی هلۆرا، سەر بە شارەدێی شێلادزێ لە دەڤەری ئامێدی سەر بە دهۆک بە پشت بەستن بەخۆیان کارەبایان لە تیشکی خۆر بەرهەم هێناوە، موختاری گوندێکیش دەڵێت، "گوندەکەمان کارەبای مووەلیدەی نییە، بۆیە کارەبامان لە تیشکی خۆر بەرهەم هێناوە".
یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، عەبدوڵڵا سدیق، موختاری گوندێ هلۆرا سەر بە شارەدێی شێلادزێ لە دەڤەری ئامێدی سەر بە دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گوندەکەی ئێمە کارەبای مووەلیدەی نییە، تەنیا کارەبای نیشتمانیی هەیە، ئەگەر کارەبای نیشتمانیی نەبێت، ئێمە بێ کارەبا دەمێنینەوە، بۆیە ناچار هەوڵمان دا لەناو خۆماندا بۆ هەر ماڵێک و بەپێی پێویست پارە کۆبکەینەوە و کارەبای تیشک خۆر بەرهەم بهێنین.
ئەو موختارە دەڵێت، "بیرۆکەی بەرهەمهێنانیی کارەبا بە تیشکی خۆر، هی من بوو، بە هاوکاریی کەسێکی دیکە لە مێرگە سوور هات بۆی داناین و نزیکەی 70%ی خەڵکی گوندەکە سوودی لەو کارەبایە بینیوە".
ئەو موختارە دەشڵێت، "لە گوندەکەی ئێمە زیاتر لە 60 ماڵ هەیە و بەپێی خواستی ماڵەکان کارەبا بەرهەم هێنراوە، بۆ نموونە؛ ماڵ هەیە 10 ئەمپێری داوا کردووە هەشمانە 5 بۆ 20 ئەمپێری داوا کردووە".
موختاری گوندی هۆلۆرا ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەبای تیشکی خۆر زۆر باشترە لە مووەلیدە هەم ژینگە پیس ناکات و دەنگی نییە، هەمیش بەردەوام هەیە بەبێ پچڕان".
عەبدوڵڵا سدیق ڕاشیگەیاند، "چەندان گوندی دەەوروبەرمان ئەو کارەبایەیان بەرهەم هێناوە و پشتیان پێ بەستووە، تەنیا گوندەکەی ئێمە نییە، کوالێتی کارەباکەش زۆر باشە ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی گوندەکان پشت بەو کارەبایە ببستن، بەرهەمهێنانەکەش لە ئەستۆی خەڵکی گوند بووە بە کۆمەڵ، کەس هاوکاریمانی نەکردووە".