سروە محەمەد: زەمینەسازیی بۆ ئەوە کراوە مووچەی خانەنشینانی کوردستان هاوتای بەغدا بکرێت

سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی کوردستانیی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هەموو زەمینەسازییەک بۆ ئەوە کراوە، مووچەیی خانەنشینای هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراقی لێ بکرێت، دەشڵێت: حکوومەتی عێراق بۆ ئەو پرۆسەیە، پێویستی بە 50 ملیار دینارە.

سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەنشینانی بە هەموواری هاوتاکردن بۆ بەغدا ناردووە، دەشڵێت: هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لەگەڵ بەغدا  بە گوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستی بە 50 ملیار دینارە.

سروە محەمەد گوتی: مووچەی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکردنەوە بەگوێرەی ئەو یاسایەی ئێستا لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، هاوکات ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دەری کردووە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشیوەی بەغدا بکرێت، ئێستا لیستەکە هاتووەتە بەغدا.

دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان هەشتا هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەیە بەهەردوو خانەنشینی سەربازیی و مەدەنی، زۆرینەی ئەو هەشتا هەزار خانەنشینە مووچەکەیان لە 220 هەزار دینارە، حکوومەتی عێراقی پێویستی بە 50ملیار دینارە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکات.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، زەمینەسازیی کراوە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی کوردستان هاوتای بەغدا بکرێت، ئەوەش دوای ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغداوە کرا، ئێمەش وەکو ئەندامانی کوردی پەرلەمانی عێراق، بەر لەوەی دەنگ بدەین بە پرۆژە یاسای بودجەی 2024، کۆمەڵێک کۆبوونە وەمان کرد و و سێ خاڵمان خستە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، یەک لەو خاڵانە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی کوردستان بوو.  

 یەکشەممە، 21-07-2024، لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی سەرجەم فەرمانبەران، مووچەخۆران، دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە. 

لەوبارەوە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەکات بە وردبینی لەو لیستەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات، هەمان ئەو میکانیزمەی بۆ وردبینی لە لیستی هەردوو مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ کردووە، بۆ لیستی مووچەی مانگی تەمموزیش بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی گرفتی خەرجکردنی مووچەکانیان دووبارە نەبێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-07-2024، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان، بودجە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

Fly Erbil Advertisment