قۆناغى یەکەمی پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورس و چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکانی هەولێر جێبەجێدەکرێت
ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورسى هەولێر بە288 ملیۆن دۆلار وەک یەک لە پڕۆژە ستراتیژیی و گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر جێبەجێ دەکات.
یەکشەممە 21ـی تەمووزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لەگەڵ سوزوكی هیرۆشی بهڕێوهبهری نوێى ئاژانسی جایكا له عێراق و شاندێکی یاوهری کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگا، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لە بارەى پڕۆژەى ریسایکلینى ئاوى قورسى هەولێرکرا کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئاوی ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر کە بە 288 ملیۆن دۆلار وەک قۆناغى یەکەم لە لایەن ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى جێبەجێدەکرێت، پرۆژەکە ئەو ئاوەی لە ماڵان ببەکاردەهێنرێت، جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێتەوە بۆ ئاودانی پارك و باخچەكان، ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمیانە دروست دەكرێنەوە و سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاووڵاتییان و شارى هەولێر بەگشتیى.
لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بە ڕێككەوتنی هەموارکردنەوەى ماستەر پلانى هەولێر کرد بە هەماهەنگى ئاژانسى ناوبراو کە پڕۆژەیەكی فرە ڕەهەندە، چەندین بواری دیزاین و شارسازیی، ئابووری و كۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئاو و ئاوەڕۆ، شارەوانی، گەشتوگوزار، خۆڵ و خاشاك و جوانكاری و سێكتەرەكانی گواستنەوە، هاتوچۆ، كشتوكاڵ، ئاودێری، پیشەسازی، كارەبا، تەندروستی و چەندین بواری دیكە لە شاری هەولێر لە خۆ دەگرێت، بۆ ئەوەش سوپاسی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد کە ئەم پرۆژەیان خستوویەتە نێو یەكێك لە پێشینەترین كارەكانیان.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێوەبەرى ئاژانسى جایکا لە عێراق، ستایشی ئارامى و ئاسایش، پێشکەوتن و گەشەسەندنى هەولێرى کرد، لەبارەی جێبەجێکردنى پڕۆژەى ریسایکلین و هەموارکردنەوەى ماستەر پلانى شارى هەولێریش، هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى ئاژانسەکەیانی دووپاتکردەوە تاوەکو بە زووترین کات پڕۆژەکان بکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە و هاووڵاتییان سوود لە ئەنجامەکانى وەربگرن.