سویسرا هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان دەکات

سویسرا ملیۆنێک دۆلار وەک کۆمەکی بۆ پشتگیریی کردن لە ئاوارە و پەنابەرانی عێراقی دەبەخشێت و کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانیش سوپاسی حکوومەتی سویسرا دەکات بۆ بەخشینەکە.
کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی سویسرا ملیۆنێک دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی ئاوارە و پەنابەرانی عێراق لەناوخۆدا بەخشیووە.
کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەخشینەکان تەرخان بۆ ئەو شوێنانە تەرخان دەکات کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی، بە تایبەتی بەخشینی سویسرا کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئەو سیستەمە نیشتمانیانەی پاڵپشتیی پەنابەرانی عێراقی دەکات، ئاشکراشی کردووە، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە ساڵی 2019ەوە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق، یارمەتی زیاتر لە 200 هەزار عێراقی داوە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی گرنگ کە بتوانن دەستیان بە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان بگات.
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، عێراق میوانداریی نزیکەی 300 هەزار پەنابەر دەکات کە زۆرینەیان لە شارۆچکە و گوند و شارەکان شانبەشانی پێکهاتە عێراقییەکان دەژین، نزیکەی لەسەدا 32ی ئاوارەکان لە 9 کەمپی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن،سەرەڕای ئەوەش، زیاتر لە ملیۆنێک عێراقی لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و نزیکەی 150 هەزار کەسیان لە کەمپەکانی دەژین، دەڵێت: ئێمە پابەندین بە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتداران بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی شکۆمەندانە و بەردەوام بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان، لەوانە گەڕانەوەی سەلامەت بۆ ناوچەکانیان.
چوارشەممە، 10-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییە کارگێڕییەکان ئیمزا کرا.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی؛ میوانداری سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کردووە؛ بە تایبەت لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد".
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، "ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز، ئاوارە و پەنابەر کە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان، هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە".
سەرەتای پرۆسەی تۆمارکردنی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان، بەڵام ئەم پرۆسەیە دوای تێکچوونی پارودۆخی ئەمنی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، فراوان بوو.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ گرنگییەتی تایبەتی دا بە بابەتی پەناخوازان، کە لیژنەیەکی هاوبەشی پێکهێنا لە نوێنەرانی (ڕەگەزنامەی گشتی، ICC، ئاسایشی گشتی، دەزگای ئاسایش، نیشینگەی پارێزگاکان) بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێکسختنی کاروباری پەناخوازان کە بگونجێ لەگەڵ دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتی و ستانداردی پەنابەری.
پێشتر، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەمانگیی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند، نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا ماون، کە 700 هەزاریان ئاوارەی عێراقن، هەتاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جیددی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان نەناوە.
ناوبراو باسی لەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە، هەروەها هەموو هەوڵێکیشی داوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان تا گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکانیان دروست نەبێت.
لەبارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە، سروە ڕەسووڵ، گوتی: تا ئێستە وەزارەتەکە مامەڵەیەکی گونجاوی لەگەڵ دۆسیەی پەنابەراندا نەکردووە، دۆسیەکەی بە سیاسی کردووە و بە شیوەیەکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵدا نەکردووە.
گوتیشی: هیچ هەنگاوێکی جددیمان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق نەدیوە بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، وەزارەتەکە مەبەستێتی ببێتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان کە ئەوە بابەتێکی مەترسیدارە.
لەبارەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سروە ڕەسووڵ دووپاتی کردەوە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئاستی دامەزراوەی کۆچ لە هەرێمەکە ڕوویداوە.