قارەمان مەولوود: هۆکاری خراپی کارەبای مووەلیدە گازی خراپە
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مووەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بەشێک لە خاوەن مووەلیدەکان گازی خراپ بەکاردەهێنن بۆ مووەلیدە، ئەو گازە خراپەش وا دەکات بەرز و نزمیی بە ڤۆڵتییەی کارەبای مووەلیدە بکات.
دووشەممە، 22ـی تەمموزی 2024، قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مووەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دابەزینی ڤۆڵتییەی مووەلیدە مەرج نییە تەنیا لە هاوین بێت، لە هەموو وەرزێکی ساڵ دابەزینی ڤۆڵتییەی کارەبای مووەلیدە هەیە، ئەویش لەبەر چەند هۆیەکە.
سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت "هۆی دابەزینی ڤۆڵتییەی مووەلیدە یەکەمیان بەهۆی دووری ماڵەکانە لە مووەلیدەکەوە. مووەلیدە هەیە 600 بۆ 700 مەتر ڤۆڵتییەی دەگاتە ماڵان، لەبەر ئەوە ئەگەر هەرماڵێک لە مووەلیدە دوور بوو دەبێت بە ناچاری مووەلیدەکە بگوازینەوە و شوێنێکی دیکە و شوێنی بۆ دابین بکەین، تاکو لە ماڵەکان نزیک بێتەوە".
سەرۆکی لیژنە، هۆکاری دووەمیش دەخاتە ڕوو "ئەو کێبڵانەی مووەلیدەکەی پێ دابەش دەکەن، ڕەنگە هەندێک لە خاوەن مووەلیدەکان بە کێبڵێکی 50ـی یاخود 70ـی ڤۆڵتیی کارەبای پێ ڕاکێشاوە بۆ ژمارەیەکی زۆری ماڵان، بەهۆی ئەوەی کێبڵەکە ئەو توانا زۆرەی نییە بگوازێتەوە، ڤۆڵتییە دادەبەزێت".
هەروەها "هۆی سێیەمیش بەکارهێنانی گازی خراپە، بەشێک لە خاوەن مووەلیدەکان گازی خراپ بەکار دەهێنن، هەرچەندە ئێمە بە بەردەوام چاودێریی دەکەین، ئەو گازە خراپەش وا دەکات بەرز و نزمی بە ڤۆڵتییەی کارەبای مووەلیدە بکات".
قارەمان مەولوود ڕاشیدەگەیەنێت، "هەر کاتێک لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کرابێتینەوە، لیژنە تایبەتەکانی خۆمان شەو بووبێت یاخود ڕۆژ، سەردانی مووەلیدەکەنیان کردووە و بەدواداچوونیان کردووە، دوو ژمارەی تایبەتیش لەسەر پسولەی پارە وەرگرتن هەیە کە هاووڵاتییان وەری دەگرن، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو دوو ژمارەی لە سەری نووسراوە پەیوەندیمان پێوە بکەن".
لە پارێزگای هەولێر لەناو سەنتەری شار هەزار و 170 مۆلیدە هەیە، لە دەوروبەری هەولێریش 870 مۆلیدە کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن.