هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەیان بارهەڵگر کەرەستەی نوێی سەربازیی گواستەوە ڕۆژئاوای کوردستان

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەیان بارهەڵگری داخراو و زرێپۆشی پڕ لە کەرەستەی سەربازی و ئۆتۆمبێلی مووشەک هەڵگر و هەروەها بارهەڵگری کەرەستەی لۆجستییان بۆ بنکەکانیان لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە.
دووشەممە، 22ـی تەمموزی 2024، ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە بەهێزکردنی بنکەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزی سەربازی نوێیان ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانیان لە لادێکانی حەسەکە کردووە، هەروەها 25 بارهەڵگر کە تانکیی سووتەمەنی و سندوقی داخراو و کەرەستەی لۆجستییان هەڵگرتبوو لە ڕێگەی دەروازەی سنووری ئەلوەلیدەوە هێناوە.
نۆ بنکەی ئەمەریکا لە سووریا هەن، یەکەمیان لە ناوچەی تەنەفە لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حومس، هەروەها دوو بنکەش لە دێرەزور و شەش بنکەش لە پارێزگای حەسەکەیە.