ساسان عەونی: هەوڵدەدەین ئەمساڵ زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش بکەین

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵ دەدەن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا لەو ساڵەدا، ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تەواو بکەن و فەرمانبەران بەو مافەی خۆیان بگەن.

دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ڕێکاری یاسایی زەوی و پارچە زەویی بەسەر فەرمانبەراندا لەلایەن سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان کۆتایی هاتووە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، تەنها کاروباریی یاسایی زەوییەکان ماوە.

ساسان عەونی گوتی: ئەو پرۆسەیە لە کارکردنێکی بەردەوامدایە، بابەتی دۆزینەوە و دیاریکردنی زەوییەکان لەلایەن سەرۆکایەتیی و بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانی شارەوانی لە سنووری ماستەر پلان و دەرەوەی ماستەرپلانی شارەکان تەواو بووە، ئێستا لە ڕێکاریی جێبەجێکردنی کاروباری یاسایین بەداواکردنی کوژاندنەوەی ئەو زەویانەی پێویستن، دەڵێت: دواتر بابەتی نەخشەدانان بۆ ئەو شوێنانە دێتە پێش، بۆ ئەوەش هەموو سەرۆکایەتییەکانی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، وەزارەتی شارەوانی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: ئومێد دەکەین ئەو بەڵێنەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە فەرمانبەرانی کوردستانی داوە، بتوانین لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا لەو ساڵەدا ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تەواو بکەین و فەرمانبەران بەو مافەی خۆیان بگەن.

یەكشەممە(19ـی ئایاری 2024)، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكانی سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ، دەربارەی ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی کۆبۆنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كراوە كە لە رۆژانی پێشوو لەلایەن وەزارەتی شارەوانی داوا لە شارەوانییەكان كرابوو دەست بە ڕێكارەكانی پرۆسەكە بكەن، هاوکات لەسەر نەخشە، زەویی پێشنیازكراو دەستنیشان بكەن لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان، بۆیە سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاوتوێ كران.

وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاندووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر جدیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی زەوی كردەوەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن، هەروەها جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ ڕووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوەتەوە و ئاماژەی بەوەش كردووە، دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە،  پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.

Fly Erbil Advertisment