کات و شوێنی دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد ئاشکرا کرا
K24 – هەولێر:
ڕۆژنامەیەکی تورکی ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆککۆماری تورکیا و سووریای ئاشکرا کردووە و باسی لەوە کردووە: کۆبوونەوەکە لە مۆسکۆ لەژێر چاودێری پوتین دەبێت و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تاکە بانگهێشتکراو بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە دەبێت، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە.
ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی بڵاوی کردەوە: یەکەم دیداری نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەوەتی ڕووداوە ناوخۆییەکانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە، لە کۆتایی مانگی ئاب یان سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەبێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئەسەد لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەبێت بە نێوەندگیری ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بانگهێشت دەکرێت.
دەیلی سەباح ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە بۆ دیداری یەکەمی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد چاوەڕێ ناکرێت هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بانگهێشت بکرێت بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکە.
لە بەرانبەر ئەوەشدا، میدیاکانی تورکیا لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو زانیارییانەی باس لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد لە مۆسکۆ دەکەن؛ ڕاست نین، بەبێ ئەوەی زانیاری نوێ لەبارەی دوا پەرەسەندنەکانی ئەو دیدارە ئاشکرا بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوو هەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئەسەدی بۆ دیدارێکی تایبەت کرد و سەرپشکی کرد لەوەی دیدارەکەیان لە تورکیا بکرێت یان لە وڵاتی سێیەم. لەگەڵ بانگهێشتنامەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەشی ڕاسپارد کار بۆ ئامادەکارییەکانی دیدارەکە بکات.
هەروەها لە 11ـی تەمموزی 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆتایی هاتنی لوتکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەردۆغان لە واشنتن سووربوونی خۆی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق دووپات کردەوە و گوتی "دەمانەوێت پرۆسەیەکی نوێ لەگەڵ سووریا دەست پێ بکەین و بەسەر هەموو ئاڵنگاریی و دۆخە نەرێنییەکاندا زاڵ بین".
ڕۆژی 15ـی تەمموزی 2024، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە دیمەشق لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەگەر دیداری ئەردۆغان بگاتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت، ئەوا ئامادەیە ئەنجامی بدات.
ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد: کێشەکە لە دیداری نێوانیان نییە لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵکو ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گرنگە و ئەگەر ئامانج لێی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات و باشتر کردنی پەیوەندییەکان و گەڕانەوەی بۆ سرووشتی پێشووی خۆی بێت، ئەوا ئێمە دەپرسین بۆچی ئاراستەی پەیوەندییەکان ماوەی 13 ساڵە لەو ڕێگە سرووشتییەی خۆی لایداوە؟.
بەشار ئەسەد زیاتر گوتی: تاوەکوو ئێستا لە هیچ بەرپرسێکی تورکیمان نەبیستووە باس لەو خاڵە بکات بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە و جەختی کردەوە: ئەرێنین لەبارەی هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و ئەوەش شتێکی ئاساییە، چونکە کەس بیر لە دروستکردنی کێشە لەگەڵ دراوسێکانی ناکاتەوە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە بەبێ هیچ بنەمایەک بڕۆین.
لە ڕۆژی 11ـی تهممووزی 2024، فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد، دهستپێشخهرییەکی عێراقی ههیه بۆ نزیكبوونهوهی نێوان توركیا و سووریا كۆبوونهوهیان له بهغدا، بهو پێیهی ههردوو وڵات كاریگهرییان بهسهر یهكدی و بهسهر عێراقیشهوه ههیه.
چەندین جارە ئەردۆغان باس لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات، بەڵام گرێکوێرەکە بوونی سوپای تورکیایە لە سووریا، ئەسەد وەک پێشمەرج داوا دەکات سووریا بکشێتەوە، لە کاتێکدا تورکیا ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێ بوونی سهربازهكانیان له سووریا بۆ رێگریگرتنە لە دروستبوونی وڵاتێک لەسەر دەستی هەسەدە کە ئەو بە تیرۆریستان پێناسەی دەکات.
هاوکات خەڵکی شاری عەزاز و گوندەکانی دەوروبەری کە بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیایە و بەشێکیشی لە ژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتمانی سوریایە لە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی باکووری حەلەب دوێنێ هەینی دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا خۆپیشاندانیان و ئاڵای ئیئتلافی نیشتمانی سووریایان لە سەر باڵەخانەکان هێنایە خوارەوە و لە شوێنی پەیامی دژە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرزکردەوە.
خۆپیشاندەران چەند داواکارییەکیان هەیە، لەوانە لێکۆڵینەوە لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و لێپرسینەوە لە تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پوەیەندییەکانیان ڕەتکردە و داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانیان کرد بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان دژی پەنابەران لە تورکیا.