ڕێگەی بەسرە- فاو شەو و ڕۆژ خوێن دەڕێژێت

ڕێگەی بەسرە - فاو لە باشووری عێراق کە یەکێکە لە ڕێگە سەرەکییەکان و شادەماری ئابووری و بازرگانی، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستن و وێران بوونیەوە بووەتە ڕێگەی مەرگ، هیچ شەوێک بەبێ قوربانیدان ڕۆژ ناکاتەوە.

خەڵکی ناوچەکە و ڕێبوارانیش هەر هەموویان دەم بە گلەوگاندزەن، بەڵام ناچارن بەو ڕێگەیەدا گوزەر بکەن، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکە شک نابەن.

خەڵکی ناوچەکە بە هەموو چین و توێژ و تەمەنێکەوە کۆبوونەتەوە و ناڕەزایی لە پشتگوێخرانی ڕێگەکە دەردەبڕن و یەكێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەکە دەڵێ "ئێمە وەک شێخەکان و گەنجانی ئەم ناوچەیە هاتووین دژی خراپیی ئەم ڕێگەیە خۆپیشاندان بکەین، ڕۆژانە ئەگەر دوو بۆ سێ ڕووداوی تێدا نەقەومێت، بە دڵنیاییەوە ڕووداوێکی هەر هەیە و بێ قوربانیش نابێت".

هەربەدەم ناڕەزایی دەربڕینەوە گوتی "داوای لێپرسینەوە لەوانە  دەکەین کە کەمتەرخەمن، ئەم ڕێگەیە یەک سایدی تەواو بووە، نەک تەنیا خەڵکی بەسرە، بەڵکو خەڵکی ناوچەکانی دیکەش بۆ عاشوورا بەکاری دەهێنن، هیچ ڕێڕەوێکی پەڕینەوەی نییە داوا دەکەین کۆمپانیایەکی دیکە بهێنن و سایدەکەی دیکە تەواو بکات".

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران گوتی "دژی وێرانی و خراپی ئەم ڕێگەیە خۆپیشاندان دەکەین، داواکارین حکوومەتی خۆجێی بکەوێتە خۆی و ڕێگە لە ڕشتنی خوێنی ئەم خەڵکە بگرێت. پرۆژەکە گەندەڵی تێدایە و کەمتر لە پێنج ساڵە کراوەتەوە، بەڵام پڕە لەچاڵ".

بێهیوایی و توڕەیی خۆپیشاندەران گەیشتووەتە ترۆپک و دەپرسێ "دەستەی دەستپاکی لەکوێیە؟ هەموو حکوومەتەکانی جیهان  بەژیانی هاووڵاتییەکانیان بەلاوە گرنگە، جگە لە حکوومەتی عێراق، ئێمە هاتووینەتە ئێرە تا چیتر خوێنی خەڵک نەڕژێت".

خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی ڕێگەی مەرگدا وەستاون و داوا دەکەن لێپرسینەوە لە کۆمپانیای جێبەجێکار بکرێت، بە گوتەی ئەوان سەرباری ئەوەی ملیاران دیناری بۆ تەرخان کراوە، بەڵام پرۆژەکە بەنیوەی چڵی ماوەتەوە و ئەو بەشەی ڕێگەکەش کە تەواو کراوە، گەندەڵی تێداکراوە و وێران بووە.

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران دەڵێت "ئێمە وەکو دانیشتوانی ئەبو خەسیب خۆپیشاندان دەکەین و داوادەکەین حکوومەتی خۆجێی کۆمپانیای جێبەجێکار سزا بدات، چونکە ڕێگەکە هەرچەندە نوێیە بەڵام پڕبووە لە چاڵ و چۆڵی".

دەشڵێت "ڕۆژانە 150 تانکەر نەوت لەم ناوچەیەوە دەڕوات، بەڵام سودێکی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە نەبووە. کۆمپانیای جێبەجێکار کەمتەرخەمە و ستافی ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پرۆژە لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانیان دڵسۆز و ڕاستگۆ نەبوون".

ڕێگەی بەسرە – فاو بەهۆی تەواو نەکردنی و خراپ بوونییەوە کە خەڵكی ناوچەکە بە "ڕێگەی مەرگ" ناوی دەبەن خەڵکێکی زۆری سنوورەکەی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە جەرگسووتاو کردووە، کەچی حکوومەتی عێراق بڕیاری جێبەجێکردنی بەشی دووەمی پرۆژەی ڕێگەکەی هەر بە هەمان کۆمپانیا داوەتەوە کە خەڵکی ناوچەکە گلە و گازندەیان لێی هەیە بە کۆمپانیایەکی گەندەڵ و کەمتەرخەمی دەزانن.