هاتوچۆی هەولێر: شۆفێرانی سەرپێچیکەری بیانیش سزا دەدرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاند، هەموو ئۆتۆمبێلێکی بیانی سەرپێچیکار سزا دەدرێت و ناچار دەکرێت بە پێیبژاردن.

پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەروڵاتێکی تر هاتوچۆی هەیە لەنێوان وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە، ڕۆژانە ئۆتۆمبێلی بیانی لە وڵاتانی دراوسێوە دێنە ناو خاکی کوردستان، جا بۆ کاروباری گەشتیاری یاخود بۆ بازرگانی و گواستنەوەی کەلوپەل بێت.

ئەو گوتەبیژە دەڵێت: ئەو ئۆتۆمبێلە بیانیانەی دێنە ناو شەقامەکانی هەرێمی کوردستان، زۆرجار سەرپیچی دەکەن وەک تیژڕۆی یاخود مەرجی توندوتۆڵی یان ڕاوەستان لەشوێنی قەدەغەکراو، ئەوانە هەموویان لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێن و پێ بژاردنیان بۆ دەنووسرێت.

دەشڵێت: زۆرجار لەلایەن هاووڵاتییانی ئێمە گلەی لە هاتوچۆ دەکرا، بۆچی ئۆتۆمبێلی بیانی کاتێک سەرپێچی دەکات سزا نادرێت؟ ئەوانە سزا دەدرێن وەک هەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە کوردستان ،کە سەرپێچی یاسای هاتوچۆ لە شەقامەکاندا بکات. سزاکەش ئەو بڕە پارەیە کە دیاری کراوە ولێیان وەردەگیرێت.

هێمن ئەمین، ڕاشیگەیاند "لە یاسای هاتوچۆدا بڕی سزاکان جیاوازن بەپێی سەرپێچیی شۆفێرەکە کە دەیکات، ئەگەر ئۆتۆمبێلە بیانییەکە، تیمی هاتوچۆ یان ئەفسەری هاتوچۆ، ڕاستەوخۆ خۆی بیبینێت سەرپێچی دەکات، ئەوا پسولەی سزادانی بۆ دەبڕێت و یەکێک لە ناسنامەکانی لێ وەردەگیرێت و ناچار دەکرێت کە بڕوات سزای سەرپێچییەکەی بدات، ئەوی دیکەش سزای تیژڕۆییە کە لەلایەن کامێراکانی تیژڕۆییەوە تۆمار دەکرێت، لە خاڵە سنوورییەکان لەکاتی گەڕانەوەیاندا، ئەو سزایەی هەیە، لێیان وەردەگیرێت".

Fly Erbil Advertisment