ڕەحمان خانی: لە هەوڵداین تێچووی دروستکردنی چوار بەنداو لە بودجەی عێراقدا جێگیر بکەین

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتووین کە ئەو چوار بەنداوە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی عێراق دابنرێت، هەروەها بودجەکەیان لەسەر حکوومەتی فیدراڵ بێت، چونکە بەنداوەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش گرنگن.
پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو چوار بەنداوە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیجیی عێراق دانراون و لە هەرێمی کوردستان، بریتین لە بەنداوەکانی "باکرمان، مەنداوە، تەقتەق و دەڵگەن" ئەو چوار بەنداوە بەرهەمهێنەری کارەبا و کۆکردنەوەی ئاون.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت "پێشووتر، بەر لە 10 ساڵ، پێداچوونەوە و دیزاین بۆ بەنداوەکان کراوە، بەڵام خوێندنەوە و دیزاینەکەی بە پێ پێوەرەکانی ئێستە، کاتێکی زۆریان بەسەردا تێپەڕیوە، پێویستییان بە نوێکردنەوە هەیە".
ئەو بەڕیوەبەرە دەشڵیت: "ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتووین کە بودجەی ئەو چواربەنداوە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی حکوومەتی فیدراڵ بێت، چونکە بەنداوەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش گرنگن".
ئاماژەی بەوەش دا، "هەردوولامان لیژنەی هاوبەشمان دروست کردووە و ڕاپۆرتی هونەریشمان ئامادە کردووە و ئاڵوگۆڕی داتاکانمان کردووەتەوە و سەردانی مەیدانی شوێنەکانیش کراوە و دەست پێ دەکەین. تازەترین هەواڵیش لەسەر ئەو بەنداوانە ئەوەیە کە بەوردی هەموو زانیارییەکان ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی پرۆژەکان جێبەجێ دەکرێن لەگەڵ تورکیا، ئەو چوار بەنداوەش تۆمار بکرێت".
باسی لەوەش کرد "ئێمە وەکو لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کشتوکاڵ لە هەولەکانمان بەردەوامین، بۆ ئەوەی تێچووی ئەو چوار بەنداوە جێگیر بکرێت لەناو بودجەی عێراقدا، چونکە ئەوەش خاڵێکی گرنگە، ئێستە خەریکی پێداچوونەوە و دیزایینەکەین دواتر بابەتی جێگیرکردنەکەی لەناو وەزارەتی پلان و وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش دا "گوژمە زۆر گرنگ نییە، دەکرێت لەسەر وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان یاخود لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە هەیە جێبەجێ بکرێت. بەڵام جێبەجێ کردنەکەی بێگومان گوژمەیەکی زۆر و کاتێکی زۆریشی پێویستە. ئەوە ئەگەر لە حاڵەتێکی ئاساییدا پرۆژەکە بەڕێوە بچێت، ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی عێراق و تورکیا بەیەکەوە کردوویانە لەسەر پرۆژەکانی ئاو، ئەو کاتە گۆڕانکاری بەسەر کاتی جێبەجێکردنەکەیدا دێت و زووتر جێبەجێ دەکرێت لەو کاتانەی کە دیاری کراوە".
ڕەحمان خانی ڕاشیگەیاند، "لە کاتی ئێستەدا بەنداوی "مەنداوە و دەڵگە" هەردووکی کارەکانیان خێراتر بەڕێوەچوون، دووبەنداوەکەی دیکەش دراوەتە سەنتەری خوێندنەوەی عێراقی بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەن، کارەکان بەڕێوەدەچن بەڵام کاری دیزاین و پێداچوونەوەی دەمێنێت و جێبەجێ کردنی بەنداویش کاتی دەوێت".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2022 هەوڵی پاراستنی سامانی ئاوی داوە. ئامانجی یاساکەش بریتییە لە بەڕێوەبردن و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ گەیشتن بە باشترین شێوازی بەکاربردن؛ بووژاندنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و دیاریکردنی بڕ و جۆری بەکاربردن؛ ڕەچاوکردن و چەسپاندنی مافی هەرێم لە ئاوە هاوبەشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و چارەکردنی سەرچاوە ئاوییە پیسبووەکان و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە.
لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی بە دروستکردنی زیاتر لە 200 پۆند و بەنداو کردووە، بە جۆرێک ئێستە 21 بەنداو و 118 پۆند هەن. ئەم پۆند و بەنداوانە بۆ چەندین مەبەست سوودیان لێ دەبینرێت لەوانەش، گلدانەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێریی و گەشتیاریی.
گۆڕانەکانی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی جیهانی و بەردەوام هۆشداریی لەبارەیەوە دەدرێت، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەدەر نین لە زیانەکان و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەر بوون، بە جۆرێک بە گوێرەی داتاکان، عێراق ساڵانە 250 کیلۆمەتر خاکی بەپیت لە دەست دەدات. هەر بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان، لە ساڵی 2024، کۆی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023، زیاتر لە دوو ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.