10 هەواڵ بە کورتی
10 لە گرنگترین هەواڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-07-2024ـی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە کورتی.
1. سوودانی: حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، بە کۆدەنگیی پێک بهێنرێت
پێنجشەممە، 25-07-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە ئەندامانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك کرد و جەختی لە "گرنگیی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی، کۆدەنگی لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە، دڵنیابوون لە بەشداریی کاریگەریی هەمووان و پەراوێز نەخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە بڕیارداندا" کردوە.
2. فایەق زێدان: تیرۆریستەکان عێراقیان کردووەتە گۆڕەپانی چالاکییەکانیان
فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە 2003ـەوە عێراقییان کردووەتەوە گۆڕەپانێک بۆ پراکتیزەکردنی چالاکییە تاوانکارییەکانیان". گوتیشی، "هاوکاریی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەبێ ئەم هاوکارییە، لەم ڤایرۆسە تیرۆریستیانەی کە مەترسی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان دروست دەکەن، ڕزگارمان نابێت".
3. دوو قوتابیی کورد مەدالیای برۆنزیان لە ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری بە دەست هێنا
دوو قوتابیی قوتابخانەکانی سەر بە کۆمەڵگەی پەروەردەیی "عیشق" بە ناوەکانی (عەلی میقداد مەولوود و حاتەم میقداد مەولوود)، توانییان مەدالیای برۆنز لە 65ـەمین ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتیی بیرکاری (IMO)بە دەست بهێنن کە لە بەریتانیا بەڕێوەچوو.
4. لەمانتارێک: داخستنی سەرجەم کەمپی پەنابەران، دوو ساڵ دەخایەنێت
شهریف سلێمان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو پێداویستییە لۆجستییەکان و خزمهتگوزارییهكان لە پارێزگا ئازادکراوەکاندا دهستهبهر دهكرێن، داخستنی دۆسیەی ئاوارەکان نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت.
5. بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: هەوڵ دەدەین تیروپشکی حەج بکەینە ئەلیکترۆنی
پێنجشەممە، 25-07-2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەوڵەکانمان لەگەڵ فەرمانگەی تەکنۆلۆجیا و زانیاریی بەردەوامن بۆ ئەوەی تیروپشکی حەج، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بکرێت؛ جارێ دیار نییە تیروپشکەکە بۆ چەند وەرزی حەج دەکرێت و چاوەڕێی ڕێنماییەکانی عێراقین".
6. بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لە زاخۆ دانرا
پێنجشەممە، 25-07-2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ لە ڕێوڕەسمێکدا، بە گوژمەی نۆ ملیار و 979 ملیۆن دینار بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاریی دانرا.
7. کشتوکاڵی دهۆک: نزیکەی 130 هەزار تۆن بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کراوە
پێنجشەممە، 25ـی تەمموزی 2024، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ 25ـی تەمموز، واتە لە حەوت مانگی ڕابردوودا، 129 هەزار و 647 تۆن، بەرهەمی ناوخۆی پارێزگای دهۆک، هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە.
8. لێخۆشبوونی باج کاریگەری لە سەر دابەزاندنی نرخی مانەوە لە هۆتێل و مۆتێلەکان دەبێت
دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ لێخۆشبوون لە باجی سەر کەرتە جیاوازەکان، بوژانەوەی باشتری بۆ سێکەرەکە و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتری بۆ دەستی کاری ناوخۆیی دەبێت؛ هاوکات کاریگەری لە سەر دابەزاندنی نرخی مانەوە لە هۆتێل و مۆتێلەکان دەبێت.
9. وەزارەتی ناوخۆی عێراق کاری دیلیڤەری ڕێک دەخات
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکە لیژنەیەکی باڵای بە مەبەستی ڕێکخستنی کاری گواستنەوەی ژەمی خێرا 'دیلیڤەری' لەنێو شارەکاندا پێک هێناوە و ئەو ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە ڕۆژانە کارەکە دەکەن. گوتیشی، ئەو پیشەیە بۆ تاوانی کوشتن، دزی و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێندرێت.
10. کەشتییەک بە 27 سەرنشینەوە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا نقوم بوو
كهشتییەک بە 27 سەرنشینەوە له نزیک دوورگەی فۆكڵاند، له باشووری ئۆقیانووسی ئهتڵهسی نقوم بوو؛ 14 سەرنشینی کەشتییەکە ڕزگار كراون، ههشتی دیکەیان مردوون و پێنجەکەی دیکەش ون بوون.