بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمانی عێراق حهلبووسی چهند پێشنیازێك دهخاتهڕوو
K24 – هەولێر:
بەپێی زانیارییەکان محەممەد حەلبووسی، سهرۆكی پارتی تهقهدوم لەسەر پرسی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەتەوە و، سێ پێشنیازی خستووەتەڕوو، کۆبوونەوەکە بەبێ ڕاگەیەندراو کۆتایی هاتووە و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکانی حەلبووسی بکەن.
نزیکەی هەشت مانگە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم بە بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دوورخراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستە بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی سوننە و ئاڵۆزی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دیاری نەکراوە.
مێدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، دوای نزیکەی هەشت مانگ لە لەکارلادانی محەممەد حەلبووسی، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا کردووە
بەپێی زانیارییەکان، حەلبووسی سێ پێشنیازی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە ئاراستەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە:
- پێشنیازی یەکەم هەرسێ لایەنی بەرهەڵستکاری سوننە؛ سیادە، حەسم و عەزم سێ بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکەن لە بەرامبەردا حەلبووسی بەربژێرێک پەسەند دەکات و لە هەمانکاتدا دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی بازرگانی دەبێت.
- پێشنیازی دووەم ئەوەیە حەلبووسی سێ بەربژێر دیاری دەکات و هەڵبژاردەی یەکێکیان دەداتە بەرهەڵستکارەکانی لە بەرامبەریشدا دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی بازرگانی دەبێت.
- پێشنیازی سێیەم حەلبووسی داوا دەکات سێ بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان لە پێکهاتەی سوننە بەربژێر بکرێن، ناوبراو یەکێکیان وەکو تاکە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا بکاتەوە لەبەرامبەریشدا دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی بازرگانی دەبێت.
بە بۆچوونی شارەزایانی سیاسی دوور نییە پێشنیازەکانی حەلبووسی پێچەوانەی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بێت، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەم پێشنیازانە بە بۆچوونێکی نوێ دەزانن بۆیە دەیانەوێت لەنێو خۆیاندا گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکەن هەر لەبەر ئەمەشە کۆبوونەوەکە بەبێ دەرکردنی ڕاگەیەندراو کۆتایی هاتووە.