ئیسرائیل پێشنیازێکی نوێ بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەداتە حەماس

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی غەززە

K24 – هەولێر:

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، لە دوو ڕۆژی داهاتوو پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست لە غەززە دەدەنە حەماس.

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکۆبوونەوەی لەگەڵ خێزانی بارمتەکان لە واشنتن دووپاتیکردووەتەوە، لە دوو رۆژی داهاتوو پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست لە غەززە دەدەنە حەماس.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ناتانیاهۆ لە واشنتن لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و کامالا هاریسی جێگری، کۆبووەوە. هەردوولا فشاریان لە ناتانیاهۆ کردووە هەرچی زووە ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەنێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن.

پێنجشەممە 26ـی تەمووزی 2024 ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرایکرد، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە کۆتا قۆناغەکاندایە و نزیکە بگاتە ئەنجام.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کرد: ئەو بۆشایی و جیاوازیانەی ماون دەکرێت چارە بکرێن و بۆ شەش هەفتە ئاگربەست ڕادەگەیەندرێت، لەبەرامبەریشدا بەشێک لەو بارمتانەی ماون ئازاد دەکرێن.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران