10 هەواڵ بە کورتی

کورتەهەواڵ (دیزاین: کوردستان24)
کورتەهەواڵ (دیزاین: کوردستان24)

1.  تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا

بەرەبەیانی شەممە، 27-07-2024، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک کرا و مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتیش ڕایگەیاند، ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە.

2.  سوودانی: بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووك بپارێزرێت

محەممەد شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ئەندامانی فراکسیۆنی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كه‌ركووك كۆبووه‌وه‌ و داوا له‌ لایەنەکان ده‌كات له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار و پێكهێنانی حكوومه‌تی خۆجێیی ڕێك بكه‌ون.

3.  کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: ئاوارەکان هەست بە ئارامی ناکەن، بۆیە ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان

بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکانیان وێرانە و ئارامیی لێ نییە، ژمارەیەکی زۆر کەمی ئاوارەکان دوای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان، گەڕاونەتە سەر ماڵ و حاڵیان.

4.  پاکستان بۆ عێراق: لێکۆڵینەوە لە بزربوونی 50 هەزار هاووڵاتیمان بکە

چوهدری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستان سەرسوڕمانی خۆی لە دیارنەمانی 50 هەزار هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە عێراق ڕاگەیاند و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بە خێرایی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەست پێ بکات.

5.  جووتیارانی عەفرین: بەرهەممان کەمی کردووە و کەس هاوکاریمان ناکات

جووتیارانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان داوای هاوکاریی لە ڕێکخراو و دەسەڵاتدارانی ناوچەکەیان دەکەن و دەڵێن، بەرهەمی شووتیی ئەمساڵیان زۆر کەمی کردووە و قازانجێکی ئەوتۆیان نەکردووە.

6. لە هەر کاتژمێرێکدا حەوت خێزانی عێراقی هەڵدەوەشێنەوە

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق، ته‌نیا له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ 4779 حاڵه‌تی جيابوونه‌وه‌ تۆماركراون، واتا لە هەر کاتژمێرێکدا حەوت خێزان هەڵدەوەشێنەوە.

7. تورکیا وێرانکردنی 25 بنکەی پەکەکەی ڕاگەیاند

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییدا فڕۆکە جەنگییەکانیان توانیویانە 25 شوێن و حەشارگەی چەکدارانی پەکەکە وێران بکەن.

8.  ئاگر لە چەند ناوچەیەکی کەربەلا و بەسرە کەوتەوە

شەممە، 27-07-2024، ئاگرێکی گەورە لە چەند دووکانێکی ناوەڕاستی شاری بەسرە کەوتەوە؛ هاوکات لە ناوچەی ئەلمەقەلیش بزوێنەری کەشتییەک سووتا؛ لە کەربەلاش ئاگر لە هۆتێلێک کەوتەوە.

9. ئیتاڵیا باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ئیتاڵیا کە ئەندامی G7ـە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سووریا ئاسایی دەکاتەوە و دوای زیاتر لە 13 ساڵ، باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە.

10. لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل دەیان کەس کوژران و بریندار بوون

لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای دێربەلەح، دەیان فەڵەستینی کوژران و بریندار بوون. سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، "سەرکردە و فەرماندەکانی حەماس خۆیان لەناو قوتابخانەکەدا شاردووەتەوە و لەوانی داوە".