هیوا ئەحمەد: هەندێک لایەن لە خۆڕێکخستنەوەی پارتی لە کەرکووک دەترسن
K24 – هەولێر:
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، هێرشکردنە سەر بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە کارێکی ترسنۆکانە پێناسە کرد و گوتی: هەندێک حزب، لایەن و گرووپی جۆراوجۆر لە خۆڕێکخستنەوەی پارتی لە کەرکووک دەترسن و، بۆیە لە ڕێگەی ئەو کارانەوە هەوڵ دەدەن کار و چالاکییەکانی پارتی بوەستێنن.
ھیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: هێرش کردنە سەر لقی سێی پارتی ئامانج لێی شێواندنی ئەمن و ئاسایشی کەرکووکە و، لە هەمانکاتدا بە ئامانجگرتنی پارتییە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، هێمای بۆ ئەوە کرد: بەشێک لە نەیاران نیگەرانن بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، پارتی حزبێکی بێ کێشەیە و بە ڕێكوپێکی کاری خۆی دەکات، ئەم ڕوواداوەنەش کادیرانی پارتی لە شارەکە زیاتر هان دەدات بۆ ئەوەی لە کارەکانی خۆیان بەردەوام بن و هیچ شتێک ساردییان ناکاتەوە. جەختی لەوە کردەوە: ئامانجی پارتی لە کەرکووک کوردایەتی و پێکەوەژیانە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: هێرشکردنە سەر بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک، کارێکی ترسنۆکانەیە، هەروەها دوای ڕووداوەکە دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ هاتنە سەر هێڵ و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە.
ھیوا ئەحمەد مستەفا، گوتی: پاسەوانانی بارەگای لقی سێی پارتی هەر زوو بەرپەرچی هێرشەکەیان دابوویەوە، ئاسایشی پارتی زانیاری پشتڕاسکراوەی هەبوو کە هێرش دەکرێتە سەر بارەگای لقی سێ، هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراقیش ئاگادار کرابوونەوە کە ڕەنگە پارتی لە کەرکووک بە ئامانج بگیرێت.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، پارتی بە یەک چاو سەیری هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکووک دەکات و جیاوازی لەنێوانیان ناکات. گوتیشی: دەبێت هەموومان پێکەوە بە هاوبەشی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بکەین.
لەبارەی هۆکاری بە ئامانجگرتنی پارتی لە کەرکووک، هیوا ئەحمەد، ڕوونیکردەوە، بۆیە پارتی بە ئامانج گیراوە چونکە دەیانەوێت چالاکی پارتی بوەستێنن و، پێیان وایە پارتی هەڵوێستی هەبووە لەسەر 16ـی ئۆکتۆبەر و نابێت هەروا بە ئاسانی دەست بکاتەوە بە کارو چالاکییەکانی لە کەرکووک.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد: هەندێک حزب، لایەن و گرووپی جۆراوجۆر لە خۆڕێکخستنەوەی پارتی لە کەرکووک دەترسن.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، باسی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک کرد و گوتی: پارتی دەیەوێت پارێزگاری کەرکووک کورد بێت کە هەموو پێکهاتەکانیش قبووڵیان بێت، هەروەها پارتی لەگەڵ ئەوەیە هەرچی زووە حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک پێک بهێنرێت.
شەممە، 27ـی تەمموزی 2024، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 1:50 دەقیقە لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناس و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی بارەگای لق وەڵامیان داونەتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن، ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت".