هاوڕاز فارووق: قۆناغی دووەمی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکانی هاتووچۆ لە هەڵەبجە دەستی پێ کردووە

هاوڕاز فارووق، سەرۆکی لیژنەی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە
هاوڕاز فارووق، سەرۆکی لیژنەی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە

سەرۆکی لیژنەی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند "قۆناغی دووەمی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکانی هاتووچۆ لە هەڵەبجە دەستی پێ کردووە و ڕۆژانەش دوو پیت ڕای دەکەین".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی تەمموزی 2024، هاوڕاز فارووق، سەرۆکی لیژنەی فرۆشتنی ژمارە دڵخوازەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە لە 17ـی ئادارەوە بەردەوامین لە پێدانی ژمارە دڵخوازەکان بە هاووڵاتییان، بەڵام چەند ڕۆژێکە قۆناغی دووەمی فرۆشتنی ژمارەکان دەستی پێ کردووەتەوە".

دەشڵێت: لە قۆناغی یەکەم 485 ژمارەمان فرۆشتووە، لە کۆی هەزار و 405 فۆرم، ئێستاش دوو هەزار 642 فۆرمی دیکە  لەلایەن هاووڵاتییانەوە پڕکراوەتەوە، کە پێکهاتووە لە 672 ژمارە. لەو ژمارانەش 270یان ئەوانەن کە ڕکابەرییان لەسەر کراوە، 402 ژمارەش ڕاستەوخۆ دەبنە خاوەنی ژمارەکان و دەتوانن ڕسوماتی بۆ بکەن، چونکە هیچ ڕکابەرێکیان نییە. بەپێی ڕێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2002، ئەو ژمارەی ڕکابەری هەیە دەبێت تیروپشکی بۆ بکرێت.

هاوڕاز فاروق ڕاشیگەیاند "شەش ڕۆژە ئێمە لە قۆناغی دووەمداین و ناو تۆمارکردن هەیە، زۆرێک لە هاووڵاتییان ناویان تۆمار کردووە، ئێستەش قەرەباڵەغییەکی زۆر هەیە لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە. هەر بۆیە ئێمە ڕۆژانە بە پیت، مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی دەکەین و ڕۆژی دوو پیت تیروپشکی بۆ دەکرێت، تاکو ئێستەش تیروپشل بۆ پیتەکانی "A, B,C,D" کراوە و ئەمڕۆش بۆ پیتەکانی  "E,F" دەکرێت".