گوندەکەی ماندێلا خرایە ناو لیستی شوێنەواری جیهانیی 'یونسکۆ'

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، زانست و ڕۆشنبیریی "یونسکۆ"،  شوێنی کۆمەڵکوژییەکی سەردەمی ئاپارتاید و ئەو گوندەی نیلسۆن ماندێلای تێیدا گەورە بووە، لەنێو ئەو شوێنانەی کە لە باشووری ئەفریقا بە هێمایەکی دیار لە خەبات دادەنرێت، خستە نێو لیستی شوێنەوارە جیهانییەکان.

کۆمەڵکوژییەکە لە ساڵی 1960 لە شارپڤیل لە هەرێمی ترانسڤاڵ ڕووی دا، پۆلیس 69 خۆپیشاندەری ڕەشپێستی کوشت، کە منداڵیش لە نێو کوژراواندا هەبوو. ئەمەش وای کرد حکوومەتی ئەپارتاید، پارتی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا قەدەغە بکات، کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە.

سەبارەت بە گوندی دابڕاوی مەکهیکیزوینی لە پارێزگای کیپی ڕۆژهەڵات، ماندێلا ماوەی گەنجی خۆی لەوێ بەسەر بردووە. ئەو لە ژیاننامەی خۆیدا بە ناوی "ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ ئازادی" ڕوونی دەکاتەوە، لەم گوندەدا دەستی بە چالاکییە سیاسییەکانی کردووە.

لە نێو ئەو 14 شوێنەی کە لە ژێر ناونیشانی "مافی مرۆڤ، ڕزگاری و ئاشتەوایی، ئەو شوێنانەی کە میراتی نیلسۆن ماندێلایان هەیە"، بریتین لە زانکۆی فۆرت هێر لە کیپی ڕۆژهەڵات، ماندێلا لەو زانکۆیەی خوێندووە.

بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، ئۆدری ئازولای، ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە ئەفریقای باشوور دەکەم بەبۆنەی ئەوەی ئەم دوو شوێنە یادگارییە هاتنە ناو "لیستی یونسکۆ بۆ شوێنەوارە جیهانییەکان"، کە نەک شایەتحاڵی خەبات دژی دەوڵەتی ئاپارتاید بوون، بەڵکو شایەتحاڵی بەشداریی نیلسۆن ماندێلاش بوونە لە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئاشتیدا".

ئازولای گوتیشی: دوای بیست و پێنج ساڵ لە تۆمارکردنی دوورگەی ڕۆبن لە لیستی شوێنەواری جیهانیی 'یونسکۆ'، ئەم شوینەوارە نوێیەش دڵنیای دەدات لەوەی کە ئەو بەهایانەی بەرجەستەی دەکات دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

بڕیاری دانانی ئەو دوو شوێنە لە لیستی شوێنەواری جیهانیی 'یونسکۆ' لە میانی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی یونسکۆ لە نیودەلهی هات، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا سێ شوێن لە ئەفریقای باشوور بخرێنە ناو لیستی شوێنەواری جیهانی یونسکۆوە.

Fly Erbil Advertisment