فرانس پرێس: هەزاران سەربازی سووری لە سعوودیە و یەمەن جێگیر دەکرێن

ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کرد، بڕیارە هەزاران سەربازی سووری لە خاکی سعوودیە و یەمەندا جێگیر بکرێن و بەشێکیشیان گەیشتوونەتە ناوچەکە.

شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرپرسانی یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس"ـیان راگەیاندووە، هەزاران سەربازی سووری لە سعوودیە و یەمەن جێگیر دەکرێن. ئاماژەیان بەوەش داوە، بەشێک لەو هێزانە بە کردەیی گەیشتوونەتە ناوچەکە؛ ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ریاز بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەرێمی بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی شەرعیی یەمەن لە شاری عەدەن.

سێ سەرچاوەی سەربازی و بەرپرسێکی باڵای بەرگریی یەمەن، کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، دەڵێن: ئێستا سەدان سەربازی سووری لەسەر هەردوو دیوی سنووری هاوبەشی نێوان یەمەن و سعوودیە جێگیر کراون.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرچاوەیەکی دیکەش لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە، لە قۆناخی داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکەی سووریا رەوانەی ناوچەکە دەکرێن، بە مەبەستی بەشداریکردن و هاوکاریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و شەڕی دژ بە چەکدارانی حووسی لە یەمەندا.