دلۆڤان محەمەد: لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاد لە 400 کەس تووشی ڤایرۆسی جگەر بوون
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تووشبوون بە ڤایرۆسی جگەر لە زیاد بووندایە ولەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا زیاد لە 400 کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون.
یەکشەممە 28ـی تەممووزی 2024، دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:
ڤایرۆسی جگەر لە جۆری C و B، لە نەخۆشیە قورسەکانن کە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت دەبێتە یەک لە ڤایرۆسە کوشندەکان، لەبەر ئەوە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار پشکنین ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوانەی نەشتەرگەریی یاخود قەستەرە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە تووشبووی ئەو ڤایرۆسە نین، دەشڵێت: ئامارەکان دڵخۆشکەر نین و لەشەش مانگی ئەمساڵەدا، سەروو 400 کەس دەستنیشان کراون تووشبووی ڤایرۆسەکەن، کەواتە بەردەوام بتووشبوون بە ڤایرۆسەکە هەیە، دەتوانرێت پێشگریشی لێ بکرێت بە پێدانی ڤاکسین بۆ ئەو منداڵانەی کە لە دایک دەبن، گوتی: لە هەرێمی کوردستان ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن ڤاکسینیان بۆ دابین کراوە، هاوکات ئەوانەی کار دەکەن، پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی کە تووشی بوون، چارەسەر وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت: پزیشک و کارمەندەکانی تەندروستی زیاتر دووچاری ئەو ڤایرۆسە دەبن، بەتایبەت ئەوانەی نەشتەرگەریی بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن کە دووچاری نەخۆشییەکە بوونە، بۆیە دەبێت ئەوان ڤاکسین وەربگرن، یاخود ئەوانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت.
دەشڵێت: ڤایرۆسی جۆری A و B و C لە کوردستان هەن، جۆری ئەی مەترسی نییە و پێویستی بە چارەسەر نییە، سێ پشکنینی ڤایرۆسیش دەکەن لەجۆری جگەری B و C و ئایدز، ئەگەر لەو پشکنینانە دەرکەوت، تووشبووان چارەسەر وەردەگرن، دەشڵێت، بە ئاستێکی زۆر باش توانراوە کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت بەتایبەت لە ڕێگە نەدان بە هاتنە ژوورەوەی ئەوانەی ئەوانەی هەڵگریی ڤایرۆسەکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لەنێوخۆش هەڵگریی ڤایرۆسەکەن، چارەسەرییان پێدەدرێت و دەخرێنە ژێر چاودێریی.