ئاری ئەحمەد: پرۆژەی ئیفراز سێ سەدا 35ـی ئاوی هەولێر دابین دەکات

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی یەکێک لە پێنج هێلە سەرەکییەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر کە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە کارکردن وەستاوە، 20%ـی ئاوی ئیفراز سێ زیاد دەکات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی ئیفراز سێ 35%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات، پرۆژەکە لە حەوت پەمپ پێک هاتووە، پێنجیان کار دەکات و دوو دانەشیان یەدەگە. پرۆژەکە بە 80%ـی توانای خۆی کاری کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی یەکێک لە پێنج هێلە سەرەکییەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر کە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە کارکردن وەستاوە، 20%ـی ئاوی ئیفراز سێ زیاد دەکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: "بەهۆی ئەوەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار هێلێکی ئاوی ئیفراز سێ دەشکا، دەبووە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمئاوی بۆ ئەو گەڕەکانەی کە ئاویان لەسەر هێلەکە بوو، ئێمەش لە ڕێگەی لێدانی بیر و هەروەها پێدانی ئاو بە نۆرە کێشەی کەمئاویمان بۆ چارە دەکردن."

ئاری ئەحمەد، گوتی: ئێمە 11 پرۆژەی ستراتیجیمان لە پلاندایە کە دەبنە هۆی چارەکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە گرفتی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان، بەپێی هەبوونی داهات پرۆژەکان جێبەجێ دەکەین.

یەکشەممە 28ـی تەمووزی 2024 ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گۆڕینی ئەو پارچەیەی هێلی ئیفراز سێ کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێدانی ئاو بەو ماڵانەی دەکەونە سەر هێلەکە، لەوانە، سەیداوە، مامۆستایان، باداوە، بەشێک لە گەڕەکەکانی قەڵاتی نوێ، بێرکۆتی نوێ، فەرمانبەران، پێنجی حەسارۆک و هاوکاری، کە لە ماوەی ڕابردوو کێشەی کەمئاوییان هەبوو.

بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی هەولێر گوتیشی دوو پەمپی وێستگەی ئاوی خابت کە تێکچووبوون، چاککراونەتەوە ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەیاندی ئاو بە شاری هەولێر دەبێت.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا خواستی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییانەوە زیاد دەبێت، هەر بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی پلان و پرۆژە و پرۆسەکانی نۆژەنکردنەوە بەردەوام لە هەوڵی زیادکردنی ڕێژەی دابینکردنی ئاوی پاکدایە.

Fly Erbil Advertisment