خەڵکی بەسرە دژی بێکاری لە بەردەم کێڵگە نەوتییەکان خۆپیشاندانیان کرد
K24 – بەسرە:
دژی زۆری کرێکارانی بیانی، خەڵکی بەسڕە لە بەردەم کێڵگە نەوتییەکان خۆپیشاندانیان کرد، خۆپیشاندەرێک دەڵێت؛ کرێکاری بیانی سێ مووچە وەردەگرێت، باشترین ژیان و گوزەرانی هەیە، کەچی ئەوەی دەست ئێمە کەوتووە، نەهامەتیی و دەردەسەرییە.
28ـی تەمموزی 2024، ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانن و هاووڵاتییانی پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و ئاماژەیان بەوەکرد: کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکەیان نەک هیچ خێرێکی بۆ ئەوان نەبووە، بەڵکوو ئەندامانی خانەوادەکانیشیان تووشی شێرپەنجە کردوو.
یەکێک لە خۆپیشاندەران بۆ کوردستان24 گوتی: "کرێکاری بیانی مانگانە سێ مووچە وەردەگرێت، بەڵگەش ئەوەیە، مووچە، خواردن، گواستنەوە و پارەی مەترسیش وەردەگرێت کە مانگانە دەگاتە هەزاران دۆلار، باشە ئەگەر ئەم کێڵگانەی باشوور لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق بوونایە، هەرگیز دەیانهێشت خەڵکی شوێنێکی دیکە لەوێ کار بکات؟ ئەوەتا حەلبووسی بۆ خۆی دەڵێت ئەگەر ئەم نەوتەی ئێوە هی ئێمە بووایە یەک تەنکەرمان بە بەسرە نەدەدا، تاکە شتێک لەم کۆمپانیایانە بۆ ئێمە ماوەتەوە، شێوانی کۆرپەڵە و منداڵان و دەیان کێشەی تەندورستی دیکەیە".
هاوکات هاووڵاتییەکی بەسرە باسی لەوەکرد: "کرێکاری بیانی حاڵی لە ئێمە باشترە، چونکە دەوڵەتێکی باشتری لەوەی ئێمە هەیە، حکوومەتی خۆجیی و پارێزگاری بەسرە، هیچ بەرپرسیاریەتییەکیان بەرانبەر خەڵکی هەڵنەگرتووە، تەنیا خەریکی ئەو پرۆژانەن لەسەر حسابی خەڵک وەریان دەگرن، من خاوەنی سێ بڕوانامەم، نەهاتووم بۆ ئێرە تا داوای دامەزراندن بکەم، بەڵام ئەم گەنجانەی ئێرە پێویستیان بەکارە، داوای سادەترین و ساکارترین پێداویستی ژیان دەکەن، ئەویش کارە و دەستیان ناکەوێت".
هەروەها یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەران باسی لە نەهاتییەکانی خۆیان کرد و گوتی: "ئەوەی لە کێڵگە نەوتییەکان دەست ئێمە کەوتووە، تەنیا نەخۆشی و دەردەسەرییە، من یەکێکم لەو سەدان کەسەی دایکم و خێزانی براکەم تووشی شێرپەنجە بوون، دایکم گەیشتووەتە حاڵەتێک ڕەنگە لە هەر خولەکێکدا بێت لەدەستی بدەم، خێزانی براکەشم بەهۆی پیسی کێڵگە نەوتییەکان وای بەسەر هاتووە، جگە لەوەش لەم شارۆچکەیەدا مانگانە چوار بۆ پێنج کەس بەهۆی تووشبوون بە شکستی گورچیلە خانوو و ئۆتۆمبێل دەفرۆشن و بەشکێشیان پەنا بۆ قەرز دەبەن، کەچی کرێکاری بیانی وەکوو منداڵێکی بەناز وایە، باشترین خواردن، گواستنەوە، خانوو و مووچەی هەیە".