22 کۆچبەری نایاسایی لەنێو بەلەمێکی پلاستیکدا دەستگیرکران

دیمەنی ساتی دەستگیرکردنی کۆچبەرەکان
دیمەنی ساتی دەستگیرکردنی کۆچبەرەکان

هێزی پاسەوانی دەریایی تورکیا لە کەناراوەکانی شارۆچکەی کۆشاداسی پارێزگای ئایدن 22 کۆچبەری نایاساییان لەنێو بەلەمێکی پلاستیکی دەستگیرکرد، لەنێویاندا منداڵێکیش هەیە و بەنیازبوون بە قاچاخ بپەڕنەوە یۆنان.

میدیاکانی تورکیا، راگەیەندراوێکی پاسەوانی دەریایی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، دوای چاودێریی شەپۆلەکانی راداری پەیوەندیی مۆبایلی لە کەناراوەکانی شارۆچکەی کۆشاداسی پارێزگای ئایدن، لە رۆژئاوای تورکیا و بە دیاریکراوی لە دەریای ئیکاریای باشووری دەریای ئیجەوە، توانیویانە دەست بەسەر بەلەمێکی پلاستیکیدا بگرن، کە 22 کۆچبەری نایاسایی تێدابووە و یەکێکیان منداڵە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی تەمەنی منداڵەکە و ناسنامەی کۆچبەرەکان نەداوە.

هەروەها رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی کۆچبەرەکان لە بەرەبەیانییەکی زوودا کراوە و دوای دەستگیرکردنیان، کۆچبەرەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچبەران کراون بۆ ئەوەی چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، لە دوو رووداوی جیادا لە دەریای ئیجە و نزیک کەناراوەکانی یۆنان بەهۆی پێکدادانی بەلەمێک لەگەڵ کەشتییەکی پۆلیسی پاسەوانی دەریایی، 12 کۆچبەر خنکان. هەروەها خێزانێکی پێنج کەسی کورد کە دانیشتوی سلێمانی بوون، دوای فریودرانیان لەلایەن قاچاخچییەکەوە لە رووباری مەریچ لە تورکیادا لەنێو بەلەمێکی پلاستیکیدا نقومی رووبارەکە بوون و بەهۆیەوە سێ منداڵیان بە ناوەکانی هەستیاری تەمەن 12 ساڵ، هەریادی تەمەن 9 ساڵ و مێلا تەمەن 5 ساڵان، خنکان.

دوای رووداوەکە و گەڕانەوەی دایک و باوکی منداڵە خنکاوەکان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاسایشی هەولێر لە 3ـی ئەم مانگەدا رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی توکمەدا توانیان ئەو قاچاخچییە دەستگیر بکەن کە بووە هۆکاری خنکانی سێ منداڵەکە.