ڕووبەرێکی فراوانی شاخی گۆیژە سووتا
بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە و ڕووبەرێکی فراوانی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 200 دۆنم دار و پوش و پەڵاشی شاخەکە سووتان و لە چەند شوێنێکی ئاگرەکە نزیکی گەڕەکەکانی بناری گۆیژە کەوتووەتەوە.
بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاندووە، کاتژمێر سێی بەرەبەیانییەوە تیمەکانیان ئاگادار کراونەتەوە و بەڵام بەهۆی هەڵکردنی باوە ئاگرەکە خێرا تەشەنەی کردووە و ڕووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک توانراوە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن.
بە گوێرەی خەملاندنی سەرەتایی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئاگرەکە ڕووبەری زیاتر لە 200 دۆنمی سووتاندووە کە چەند جۆرێکی جیاوازی داری تێدایە و تاوەکوو ئێستاش هۆی ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە.
پێشریش لە سەرەتای حوزەیران و ناوەڕاستی ئەیلوولی ساڵی 2019 دوو جار ئاگر لە شاخی گوێژە کەوتەوە بەهۆیەوە ڕووبەرێکی فراوانی دارستانەکانی شاخەکە سووتان.