ڕێکارەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی دەستی پێکرد

بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەموو ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پرسە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
پاش ئەوەی لە 6ـی حوزەیرانی 2024، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ- ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، سەنتەری ڕاوێژکاری هێنایە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای سیاسەتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ICMPD، کە لە 6ـی حوزەیرانی 2024، بەسەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکه کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی تەمموزی 2024، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان به ئامادەبوونی سروه ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەو پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەبەری گشتی پلان لە وەزارەتی پەروەردە، نوێنەرانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری پێکەوەژیان لەوەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرانی کۆچ و JCC پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و نوێنەرانی زانکۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیکردن بەمرۆڤ، هەروەها ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی هەولێر، سەرۆکی ڕێکخراوی GIZ لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، سەرۆکی سەنتەری تەکنەلۆژی و ڕاهێنانی ئەوروپیی، سەرۆکی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ ، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەری تایبەت بەسەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ و ڕۆڵی لایەنەکان لەوەی چۆنیەتی ئەو بابەتانەی پێویستن لە سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ پێشکەش بە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بکرێت باسی لێوەکرا، هەروەها ڕۆڵی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان لەم بابەتەدا، لەگەڵ ڕۆڵی وەزارەتی پەروەردە و چۆنیەتی کارکردن لەسەر پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست لە داهاتوودا، دواتر باس لەم بیانییانە کرا کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بە هەمان شێوە ئەم سەنتەرە چۆن بتوانێت باشترین خزمەتگوزاریان پێشکەش بکات.
سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ، یەکێکە لەم پڕۆژه نێودەوڵەتییانەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ -ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان دایمەزراندووە، نۆیەم ووڵاتە ئەم سەنتەرەی لێ دادەمەزرێت و لە ئێستادا خەریکی ڕاهێنان و دەستپێکردنی هەڵمەتەکانە بەشێوەیەکی فراوان.