دوو هەفتە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەوی بۆ خانەنشینان دیاریی کراوە

لە بانکەكانی تایبەت بە خانەنشینان، لە پارێزگای سلێمانی پێدانی فۆرمی دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر خانەشینان دەستی پێ کرد، ماوەی دوو هەفتەش بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە دیاری كراوە، داواش لە خانەنشینان دەكرێت بۆ وەرگرتنی فۆرمەكە كارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆیان ببەن .
سەرەتای دەست پێ كردنی پرۆسەی پێدانی فۆرمی دابەشكردنی زەوییە بەسەر خانەنشینانی سلێمانی؛ بۆ ئاسانكاری ئەو خانەنشینانەی سەردانی بنكەكان دەكەن، زۆرترین كارمەندیان تایبەت كراون بۆ وەڵام داناوە و زانیاری دان بە خانەنشینان لەبارەی چۆنێتی پڕكردنەوەی فۆڕمەكە.
دایە فاتیمە 44 ساڵ لە یەكێك لە قوتابخانەكانی سلێمانی وەكو فەرمانبەر خزمەتی كردووە، هیوادارە سوودمەند بێت و بتوانێت بەهۆی وەرگرتنی پارچە زەویەك لە كرێچێتی ڕزگاری بێت .
فاتیمە محەممەد، خانەنشین ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 1986وە دامەزراوم تاکو ئێستە سوودمەند نەبووم لە وەرگرتنی زەوی، ناویشم دەرچوو پێیان نەدام و تاکو ئێستەش دەوام دەکەم و کرێچیشم.
عەلی مستەفا، خانەنشین ، دەڵێت، "لە ساڵی 2014وە خانەنشینم، 34 ساڵ و نۆ مانگە خزمەتم هەیە، تا ئێستەش هیچ زەوییەکم وەرنەگرتووە. بەهیوای ئەوەم زەوی وەرگرم".
لە پارێزگای سلێمانی بانکەکانی مەڵكەندی، تانجەرۆ و توی مەلیك، ئەو بانكانەن كە خانەنشینان مووچەیان لێ وەردەگرن، زیاتر لە 60 هەزار خانەنشینی شارستانی و سەربازی لە لە بەرێوبەرایەتی خانەنشینانی سلێمانی تۆماركراون، لەو ژمارەیەشدا نزیکەی 30 هەزار خانەنشین لە ژیاندا ماون.
سارا حەمە نەجیب، بەڕێوبەری دارایی لە بەڕێوبەرایەتی خانەنشینانی سلێمانی گوتی، "هەموو خانەنشینێک زەوی وەردەگرێت کە خۆی لە ژیاندا مابێت، بە مەرجێک هیچ سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی زەوی لە حکوومەتدا و دەبێت بەڵێن نامە پڕ بکاتەوە".
دارا عەبدولقادر، كارمەندی بانكی مەڵكەندی دەڵێت، "هەموو خانەنشینێک دەبێت هەموو بەڵگە نامەکانی پێبێت، دەتوانێت ئەمڕۆ فۆرمەکە وەربگرێت تاکو ئەو ڕۆژەی مووچە دێت، دەبێت فۆرمەکە پڕکرابێتەوە و بیگەڕێننەوە".